جەستن بیبەر دوای چوار ساڵ ئەلبوومێکی نوێی بڵاوکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو، جەستن بیبەر، ئەستێرەی دیاری میوزیکی پۆپ، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو حەوتەمین ئەلبوومی ستۆدیۆیی بە ناوی "Swag" بڵاوکردەوە.
 
ئەمە یەکەم ئەلبوومی بیبەرە لە دوای ئەلبوومی "Justice" لە 2021 و یەکەم بەرهەمیەتی دوای ئەوەی لە ئابی 2024 بووە باوک. 
 
کۆمپانیای دیف جام ریکۆردینگز لەبارەی ئەلبوومە 21 تراکییەکەوە دەڵێت: "ئەم قۆناغە نوێیەی میوزیکی بیبەر، ئیلهامی لە دڵسۆزیی وەک هاوژین و باوک وەرگرتووە."
 
رۆژی پێنجشەممە 10ـی تەممووزی 2025، هەواداران چەندین بیلبۆردیان لە شارەکانی ئەمریکا بینینی بوو کە وێنەی بیبەر و کوڕەکەی لەسەر بوو، بیبەر خۆیشی وێنەی بیلبۆردەکان و لیستی تراکەکانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە، کە ناوی گۆرانی وەک "All I Can Take"، "Walking Away"، "Dadz Love"  و"Forgiveness"ـی لەخۆگرتبوو.
 
ئەم بەرهەمە ئێستا لە کەناڵی تایبەتی ئەو گۆرانیبێژە لە یوتیوب و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان بەردەستە. 
 
جەستن بیبەر، گۆرانیبێژی کەنەدی و براوەی دوو خەڵاتی گرامی، بە یەکێک لەو هونەرمەندانە هەژمار دەکرێت کە شۆڕشێکی لە میوزیکی پۆپی نەوجەوانان بەرپاکرد. 
 
لە 2023، بیبەر مافی سەرجەم بەرهەمەکانی، لەنێویاندا گۆرانییە بەناوبانگەکانی وەک "Sorry" و"Baby"، بە بڕی 200 ملیۆن دۆلار فرۆشت.
 
لە مانگی ئابی 2024، جەستن و هایلی بیبەر لەدایکبوونی یەکەم منداڵیان بە ناوی جاک بلووز بیبەر راگەیاند.