دێمی لۆڤاتۆ لە گەشتی هونەریی 'جۆناس برازەرس' بەشدار دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

"جۆناس برازەرس" گرووپی پۆپ و رۆکی ئەمریکی، لە ویلایەتی نیوجێرزی، یەکەمین کۆنسێرتی لە گەشتە هونەرییە نوێیەکەیان بەناوی "The Tour" دەستپێکرد. سوپرایزی گەورەی شەوەکەش بەشداریی دێمی لۆڤاتۆ، گۆرانیبێژی ئەمریکی بوو.
 
کۆنسێرتەکە شەوی یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، لە یاریگای مێتڵایف بەڕێوەچوو، تێیدا دێمی لۆڤاتۆ لەگەڵ جۆ و نیک جۆناس دوو گۆرانی بەناوبانگی فیلمی "Camp Rock"ـیان پێشکێشکرد، ئەویش بریتیبوون لە "This Is Me" و "Wouldn't Change a Thing"، ئەم دەرکەوتنە چاوەڕواننەکراوە، دڵخۆشی بە ئامادەبووان دا.
 
گەشتە هونەرییەکەی "جۆناس برازەرس" یەکێکە لە گەورەترین گەشتە هونەرییەکانی ئەمساڵ، تێیدا گرووپەکە بە درێژایی یەک شەو، پێنج ئەلبوومی تەواوی خۆیان پێشکێش دەکەن. گەشتەکە لە ئەمریکای باکوور بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 14ـی تشرینی دووەمی 2025 بەردەوام دەبێت و دەیان شاری گەورە دەگرێتەوە. دەستپێکردنی گەشتەکە لە نیوجێرزی گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە زێدی براکانە.
 
"جۆناس برازەرس" گرووپێکی میوزیکی ئەمریکییە و لە سێ برا پێکدێت: کێڤن، جۆ و نیک جۆناس، لە ناوەڕاستی ساڵانی دوو هەزارەکان ناوبانگێکی گەورەیان پەیدا کرد. دوای ماوەیەک پچڕان و کارکردنی هەر یەکەیان بە تەنیا، لە 2019 بە گۆرانی "Sucker" گەڕانەوەیەکی بەهێزیان تۆمارکرد.
 
دێمی لۆڤاتۆ، گۆرانیبێژ، دەقنووسی گۆرانی و ئەکتەری ئەمریکییە. پەیوەندیی لۆڤاتۆ و برایانی جۆناس بۆ فیلمی موزیکاڵیی "Camp Rock" دەگەڕێتەوە.