لە لاس ڤێگاس یۆگا لەنێو تابلۆکانی ڤان کۆخ دا دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە شاری لاس ڤێگاسی ئەمریکا، چالاکییەکی هونەری و وەرزشیی ناوازە سەرنجی خەڵکی راکێشاوە، ئەویش بریتییە لە ئەنجامدانی یۆگا لەنێو پێشانگەیەکی دیجیتاڵیدا و بە دەوری تابلۆ زیندووەکانی ڤینسێنت ڤان کۆخ، شێوەکاری بەناوبانگی جیهانییە.
 
"یۆگای ڤان کۆخ" لە لایەن سەنتەری هونەریی "Lighthouse ArtSpace"ـەوە رێکخراوە و بە تەواوی لە نێو دنیابینی و هونەری ڤان کوخ دایە و ئەزموونێکی تەواو جیاوازە بۆ ئەوانەی شەیدای یۆگان.
 
لە کاتی ئەنجامدانی راهێنانەکانی یۆگادا، بەرهەمە ناوازەکانی ڤان کۆخ، وەک "شەوی ئەستێرەکان" و "گوڵەبەڕۆژەکان"، بەشێوەی دیجیتاڵی و جووڵاو لەسەر دیوار و زەویی هۆڵەکە نمایش دەکرێن. ئەمەش وا دەکات بەشداربووان هەست بکەن لەنێو تابلۆکاندا وەرزش دەکەن و لەگەڵ جووڵەی هونەرەکەدا ئارامی بەدەست دەهێنن. 
 
ئامانج لەم کارە تێکەڵکردنی ئارامیی دەروونیی یۆگا و جوانیی بینراوی هونەرە، بۆ ئەوەی بەشداربووان ئەزموونێکی ناوازە و ئارامبەخش تاقیبکەنەوە.
 
ماوەی هەر وانەیەک 45 خولەکە و نرخی بەشداریکردن بۆ هەر کەسێک 49 دۆلار و 99 سەنتە.
 
ڤینسێنت ڤان کۆخ، شێوەکارێکی هۆڵەندییە کە بە بەکارهێنانی رەنگی زەق و خێرایی لە بەکارهێنانی فڵچە لە تابلۆکانیدا ناسراوە. هەرچەندە تاوەکو لە ژیاندا بوو بەرهەمەکانی دەنگدانەوەی زۆریان نەبوو، بەڵام ئێستا بە یەکێک لە کاریگەرترین هونەرمەندانی مێژوو دەناسرێت و بەرهەمەکانی لە سەرانسەری جیهاندا هۆگرای زۆری هەیە.