كورد دەبێتە بابەتی فیلمێكی هیندی

رووداو- هەولێر 

ئەكتەرانی بۆڵیوود سەرقاڵی دروستكردنی فیلمێكن لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە بەشێكیدا باسی كوردستانیش دەكات. فیلمی مێنی ئاوارە هۆن "من ئاوارەی ئێرەم"، تاوەكو ئێستا 70%ی كارەكانی تەواو بووە و چاوەڕوان دەكرێت لە جەژنی سەری ساڵدا لە سینەماكانی هیندستان نمایش بكرێ‌.

راهۆل باندرا، دەرهێنەری فیلمەكە باسی ناوەڕۆكی فیلمەكەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی "بینەری بۆڵیوود لە فیلمی ئەكشن و درامای دوور و قووڵ بێزار بووە، بۆیە ویستمان ئەمجارە كارێكی جیاواز بكەین، ئەویش مەسەلەی ئاینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە ئەمڕۆ ئاین بووەتە كێشەیەكی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە سەدان هەزار خەڵك باجی ناكۆكی ئاینی و بیروباوەڕ دەدەن".

لە بەشێكی فیلمەكەدا، راهۆل باندرا باسی كورد و كوردستان دەكات. باندرا لەوبارەیەوە گوتی "كاتێك هەواڵی تۆماركردنی فیلمەكە بڵاوبووەوە، رۆژنامەنووسێكی كورد لە هەرێمی كوردستانەوە پەیوەندیی پێوەكردین و باسی پێكەوە ژیانی ئاینیی لە كوردستان بۆ كردین. منیش هەوڵم دا زۆرتر لەبارەی كوردەوە بزانم، بۆیە لە ئینتەرنێت بەدوای زانیاری لەبارەی كوردەوە گەڕام".

راهۆل لەو گەڕانەدا زۆر شتی لەبارەی كوردەوە بۆ روون دەبێتەوە و دەزانێت كە لە كوردستان پێكەوەژیانی ئاینی هەیە و موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و زەردەشتی پێكەوە دەژین و هیچ كێشەیان نییە، بەڵام كورد گەورەترین قوربانیی ناوچەكەیە و هێشتا لەژێر هەڕەشەی گەورەترین گرووپی ئیسلامیدایە كە ئەویش دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)ە.

راهۆل باندرا گوتی "پاش ئەوەی زانیمان كە موسڵمان و كریستیان و ئێزدی و چەند ئاینێكی دیكە پێكەوە لە كوردستان بەبێ كێشە دەژین، ئەو بابەتە بۆ ئێمە مایەی تێڕامان بوو، ئەوە فیلمەكەی ئێمەی زیاتر دەوڵەمەند كرد".

ئەكتەری بەناوبانگی هیندی ڤیڤیان دشین كە لە كوردستان بە ئاركەی ناسراوە، رۆڵی سەرەكی لەو فیلمەدا دەگێڕێ. ڤیڤیان گوتی "كە سیناریۆی فیلمەكەم خوێندەوە، یەكسەر پەسەندم كرد". گوتیشی "كاتێك ئەو بەشەی تایبەت بە كوردستانی بۆ زیاد كرا، زۆر خۆشحاڵ بووم، چونكە ئاگادارم خەڵكێكی زۆر لە كوردستان منیان خۆشدەوێت و سەیری كارەكانم دەكەن".

ڤیڤیان بابەتی پێكەوە ژیانی ئاینی لەلا گرنگە، چونكە لە خێزانەكەی ئەویشدا ئەو پێكەوەژیانە هەیە و دەڵێت "باوكم كریستیانە و دایكم هیندۆسە، من نیوە كریستیان و نیوە هیندۆسم، هاوژینەكەشم هیندۆسە، ئاهەنگەكەشمان لە كڵێسا و مەندر (پەرستگای هیندۆسەكان) بەڕێوەبرد. بۆیە حەز دەكەم بەشداری لەو جۆرە فیلمانەدا بكەم".