عادل ئیمام واز لە دراما دێنێت
رووداو - ھەولێر
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەکەی، ئەکتەری کۆمیدی عادل ئیمام بڕیاریداوە واز لە بواری دراما بینێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە 4 ساڵە لەسەر یەک بەشداری دراما دەکات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عادل ئیمام رایگەیاند " ئەکتەری بواری سینەما و شانۆ و دراما عادل ئیمام، چیدی کاری دراما ناکات، بەڵام لە بواری سینەما و شانۆ بەردەوام دەبێت".
بنەماڵەکەی ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە دوا کاری عادل ئیمام لە درامای موئمین و ھاوبەشەکانی (مومن و شرکاە) دەبێت کە کوڕەکەی رامی ئیمام کاری دەرھێنانی بۆ کردووە، بڕیاریشە لە رەمەزانی داھاتوو نمایشبكرێت، ئەم کارەش دەبێتە دواکاری عادلی ئیمام لە بواری دراما.
عادل ئیمام ئێستا 75 ساڵە، پزیشكەكانیشی پێیانگوتووە نابێت خۆی ماندوو بکات، بۆیە کاری دراماش ماندووبوونێکی زۆری دەوێت، عادل ئیمامیش قسەی پزیشکانی لەبەرچاوگرتووە و بڕیاری واز ھێنانی داوە.
ھاتنی ئەو کەڵە ئەکتەرە بۆ نێو درامای عەرەبی، بووە جیھانێکی نوێ و دوا دراماش کە کاری تێدا کردووە، درامای ئوستاز وە رەیس قسم بوو کە لە رەمەزانی ئەمساڵ پەخشکرا.