هەردی سەلامی کۆنسێرتێک لە سلێمانی سازدەکات

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند هەردی سەلامی، کۆنسێرتێک بۆ هەوادارانی لە سلێمانی سازدەکات و گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش دەکات، لەوانە بەرهەمێکی بڵاونەکراوەی.
 
باهۆز نەسڕەدین، رێکخەری کۆنسێرتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنسێرتەکە لە 3ـی تشرینی دووەمی 2023 سازدەکرێت، تێیدا هونەرمەند هەردی سەلامی گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش دەکات.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە کۆنسێرتەکەدا هەردی سەلامی گۆرانییەکی نوێ پێشکێش دەکات کە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە.
 
'ئەمجارە' نوێترین بەرهەمی هەردی سەلامییە و لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی و ئەفشین شوکری کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە.
 
هەردی سەلامی، لە 1987 لە سلێمانی لە دایکبووە، دەرچووی بەشی هونەرە جوانەکانی سلێمانییە، سەرەتا بە کاری دەرهێنەری و وێنەگرتن دەستیپێکردووە، دواتر رووی لەگۆرانیگوتن کردووە و ڤیدیۆکلیپەکانی بینەری زۆریان هەیە، لەوانەش گۆرانی ڤیدیۆکلیپی 'پەری' کە لە 2019 بڵاوکراوەتەوە و زیاتر لە 23 ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەیە.