کەلوپەلە دەگمەنەکانی گرووپی رۆڵینگ ستۆنز دەخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە


رووداو دیجیتاڵ

چەند کەلوپەلی دەگمەنی گرووپی بەناوبانگی بریتانی رۆڵینگ ستۆنز، کە گیتارەکەی براین جۆنز و چاکەتێکی میک جاجەری تێدایە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەفرۆشرێن و پێشبینی دەکرێت داهاتەکەی بگاتە 1.3 ملیۆن دۆلار.
 
نزیکەی 185 پارچە لە کەلوپەلە یادگارییەکانی گرووپی رۆڵینگ ستۆنز، لەوانە پۆستەر، جلوبەرگی سەر ستەیجی ئەندامانی گرووپەکە و بلیتەکانی کۆنسێرتەکانیان، لە زیادکردنێکدا بە ناونیشانی (Satisfaction: The Rolling Stones Treasures from the Ali Zayeri Collection) نمایش دەکرێن.
 
زیادکردنەکە لەلایەن خانەی زیادکردنی (هێریتەیج)ـەوە لە شاری دالاس لە 4ـی کانوونی دووەمدا رێکدەخرێت.
 
یەکێک لە گرنگترین پارچەکانی ئەم زیادکردنە گیتارە کارەباییەکەی دامەزرێنەری کۆچکردووی گرووپەکە، براین جۆنزە، کە لە جۆری (Harmony Stratotone)ـە و بەهای بە 200 هەزار بۆ 400 هەزار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
 
چارڵز ئێپتینگ، بەڕێوەبەری بەشی کولتووری پۆپ و مێژوویی لە خانەی زیادکردنی هێریتەیج، دەڵێت: "ئەمە یەکەم گیتاری کارەبایی بوو کە [جۆنز] ژەنیویەتی و لە یەکەمین کۆنسێرت و تۆمارە سەرەتاییەکانیاندا بەکاریهێناوە، تەنانەت لە یەکەم تاکە گۆرانیشیاندا کە (Come On)ـی چەک بێری بوو، بەکاریهێناوە".
 
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەمە ئامێرێکی میوزیکی گرانبەها نییە، بەڵکو شتێکە کە هەر کەسێکی چینی کرێکار لە سەرەتای شەستەکاندا دەیانتوانی بیکڕن... ئامێرێکی زۆر سادەیە، بەڵام رێگەی بۆ یەکێک لە مەزنترین گرووپە میوزیکییەکانی مێژوو خۆشکرد".
 
ئێپتینگ روونیکردەوە، زۆر لەو پارچانەی نمایش دەکرێن بۆ ساڵانی سەرەتای دامەزراندنی گرووپەکە دەگەڕێنەوە. لەنێو کەلوپەلەکانی جۆنز، کە لە 1969 گرووپەکەی بەجێهێشت و ماوەیەکی کەم دواتر کۆچی دوایی کرد، چاکەتێکی لە پێستی ئاسک هەیە کە لە دواین کۆنسێرتی راستەوخۆیدا لەگەڵ گرووپەکە لەبەری کردووە، هەروەها کتێبێکی سەردەمی منداڵیشی نمایش دەکرێت.
 
هەروەها چەند چاکەتێکی گۆرانیبێژ میک جاجەر و گیتارژەن کیس ریچاردز، لەگەڵ دارەدەفە واژۆکراوەکانی چارلی واتس نمایش دەکرێن.
 
بڕیارە دیارترین پارچەکانی زیادکردنەکە لە نووسینگەی خانەی زیادکردنی (هێریتەیج) لە لەندەن تا 20ـی تشرینی دووەم نمایش بکرێن.