شەهێن تاڵەبانی: گۆرانی بۆ كەمەندی ناڵێم خەڵك بە هەڵە تێدەگەن
رووداو - سلێمانی
تەمەنی زیاتر لە 67 ساڵە، بەڵام جارێ لە بەرنامەیدا نییە واز لە گۆرانیگوتن بهێنێ و وا بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا كۆنسێرتێك لە شاری هەولێر ساز بكات.
شەهێن تاڵەبانی، لەدایكبووی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە بەریتانیا نیشتەجێیە. شەهێن لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) بە "برا و هاوڕێ" ناوی هونەرمەندی كۆچكردوو عەباس كەمەندی دەهێنێ، بەڵام دەڵێت ئامادە نییە گۆرانی بۆ مەرگی كەمەندی بڵێت "چونكە خەڵك لێكدانەوەی هەڵەی بۆ دەكەن".
رووداو: زیاتر لە مانگێكە لە هەرێمی كوردستانن، لێرە پرۆژەی هونەریتان هەیە؟
شەهێن تاڵەبانی: حەز دەكەم ساڵانە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەم، ئەمجارەیان لەسەر داوای خاتوونێك بوو بەنێوی رێزان، گەڕامەوە و مانگی رابردووش كۆنسێرتێكمان بۆ منداڵانی بێ سەرپەشت سازكرد. وەزیری رۆشنبیریش داوای كردووە كۆنسێرتێك بۆ پشتگیری هێزەكانی پێشمەرگە ساز بكەین. رەنگە رۆژی 16/1/2016 كۆنسێرتەكە لە شاری هەولێر بكەین.
رووداو: هیچ بەرهەمی نوێت ئامادەیە؟
شەهێن تاڵەبانی: بەڵێ پێنج بەرهەمم ئامادەن، ئاوازەكانیان لەلایەن مامۆستا بورهان موفتیزادەوە دانراون. ئەگەر سپۆنسەر هەبێت ئامادەم بڵاویان بكەمەوە، ئەگەر سپۆنسەریش نەبوو ئەوا لەسەر ئەركی خۆم بەشێوەی تاك بڵاویان دەكەمەوە.
رووداو: بۆچی هەمیشە لەگەڵ بورهان موفتیزادە كار دەكەیت؟
شەهێن تاڵەبانی: لەبەرئەوەی ئاستی دەنگم دەزانێت و هەر كاتێك ئاوازێك دادەنێت پێم دەڵێت، بەڵام بۆ لەمەودوا بەنیازم لەگەڵ ئاوازدانەری دیكەی رۆژهەڵاتیش كار بكەم.
رووداو: لەم ساڵانەی رابردوودا ژمارەیەك گۆرانیبێژی گەنج دەركەوتوون، وەك هونەرمەندێكی بە ئەزموون رات لەسەر ئەو دەنگە تازانە چییە؟
شەهێن تاڵەبانی: راستییەكەی زۆر خۆشحاڵم بە هاتنە پێشەوەی ئەو گۆرانیبێژانە، بەڵام دەمەوێت بەڕاستگۆیانە قسە بكەم، ناتوانم بڵێم كارەكانیان زۆر دەمێننەوە، بۆ نموونە گۆرانی گەرد و تۆزەكەی بەر ماڵەكەتان تاوەكو ئێستاش گەنجان لە فەیسبووك و ئیمەیڵ بۆم دەنووسن كە زۆریان بەدڵە و داوای هۆنراوەكە دەكەن، منیش پەیامم بۆ ئەو گۆرانیبێژە گەنجە خۆشەویستانە ئەوەیە سەرەتا پڕۆڤە بۆ دەنگیان بكەن و كارێكیش بكەن كە بمێنێتەوە. ئێستا ئەگەر پێوەر بۆ پارچەكانی كوردستان دابنێم، كاتێك گوێ لە بەرهەمەكانی باكوور دەگریت زۆر باشن، رۆژهەڵاتیش هەر باشن، بەڵام ئازادییان نییە، بۆ باشوور هەرچەندە پێمخۆشە و حەز دەكەم گوێ لە گۆرانییەكیان بگرم، بەڵام بەڕاشكاوی قسە دەكەم و بەداخەوە هەست دەكەم گۆرانیی باشیان كەمە، یاخود نییە.
رووداو: كارێكت كردووە بۆ ئەوەی گەنجان گوێت لێبگرن؟
شەهێن تاڵەبانی: گەنجان داوایان كردووە گۆرانییەكانم بڵێنەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە گوێگری بەرهەمەكانن. بۆ نموونە گۆرانی سەبری گوڵفرۆشمان لەساڵی 1971 تۆمار كردووە، تا ئێستاش هەر زیندووە.
رووداو: باسی ئەو بەرهەمەت كرد كە لەگەڵ هونەرمەندی كۆچكردوو عەباس كەمەندی گوتووتانە، دواجار كەی بینیت؟
شەهێن تاڵەبانی: مامۆستا كەمەندی هاوڕێ و برام بوو رۆحی شاد، ئەو منی پێگەیاند و سەبری گوڵفرۆش مێژوویەكە لە كاری هونەریمدا و لە هەموو بەرنامەیەك خەڵك داوای دەكەن. لەو باوەڕەدا نەبووم وا لەناكاو بەجێمان بێڵێ. دوای 25 ساڵ كە سنەم جێهێشت و گەڕامەوە، لەگەڵ خانمێك كە حەزی دەكرد مامۆستا ببینێ، سەردانی ماڵیانم كرد و بۆ ماوەی كاژێرێك لەگەڵ خێزانە بەڕێزەكەی پێكەوە دانیشتین و دووبارە سوپاسم كردەوە كە منی پێگەیاند.
رووداو: باستان نەكرد كە پێكەوە بەرهەمی نوێ تۆمار بكەن؟
شەهێن تاڵەبانی: نەوەڵڵا هیچ باسمان نەكرد.
رووداو: ئەی لە كەیەوە هونەرمەند فەتانەی وەلیدیت نەبینیوە؟
شەهێن تاڵەبانی: ئەویش دوای 22 ساڵ بینیمەوە، كە سەردانم كرد، پێش چوونە ژوورەوە بە دەنگم ناسیمییەوە و ئیدی كە بینیم بەداخەوە تووشی نەخۆشی بووە و دەستم بە گریان كرد و لەوباوەڕەدا نەبووم وای لێبێت، چونكە لە یەك تەمەنین و دوای چەند رۆژیش هەر بیرم لێدەكردەوە.
رووداو: چەند جار چوویتەوە سنە؟
شەهێن تاڵەبانی: دوای 22 ساڵ دابڕان، نزیكەی 4 جاری دیكە چوومەتەوە سنە.
رووداو: تەنیا لەگەڵ عەباس كەمەندی دوێتت هەبوو، ئامادەی دوێت لەگەڵ هونەرمەندی دیكە بكەی؟
شەهێن تاڵەبانی: ئەگەر بەرهەمێكی باش هەبێت و دەنگی هونەرمەندەكەم بەدڵ بێت بەڵێ.
رووداو: هیچ هونەرمەندێك هەبووە ئەو داوایەت لێبكات؟
شەهێن تاڵەبانی: بەڵێ، بەڵام حەز ناكەم ناوی بهێنم.
رووداو: كەی دەوەستی؟
شەهێن تاڵەبانی: توانای دەنگم ماوە و خەڵكیش داوای بەردەوامیم لێدەكەن، بۆیە جارێ لە بەرنامەمدا نییە واز لە كاری هونەری بێنم.
رووداو: بەنیاز نیت گۆرانییەك بۆ مەرگی كەمەندی بڵێیت؟
شەهێن تاڵەبانی: نەخێر، لەبەرئەوەی هەندێك لە خەڵك بە هەڵە تێدەگەن، من ئەگەر گۆرانیشی بۆ بڵێم مەبەستمە لەو رێگەیەوە سوپاسی بكەم كە وەكو هاوڕێ و برایەك پێیگەیاندم، بەڵام لەبەر ئەو گۆرانییە هاوبەشەمان دەڵێن ئێوە خۆشەویستی یەكدی بوون. منیش لەبەرئەوەی حەزم لە درۆ نییە، بەردەوام گوتوومە هیچ پەیوەندییەكمان نەبووە، بەڵكو وەكو دوو هاوڕێ گۆرانیمان گوتووە، بۆیە ئەگەر گۆرانی بۆ بڵێم خەڵك بە هەڵە تێدەگەن.
شەهێن تاڵەبانی:
- ساڵی 1952 لە شاری سنە لەدایك بووە
- ساڵی 1972 دوو گۆرانی بەناوی سەبری گوڵفرۆش و دوێنێ شەو خەوم دی، تۆمار كردووە.
- ساڵی 1975 شووی كردووە. دواتر وازی لە گۆرانیگوتن هێناوە
- ساڵی 1989 شاری سنەی جێهێشتووە و لە بەریتانیا نیشتەجێ بووە.
- ساڵی 1996 دەست بە گۆرانیگوتن دەكاتەوە.
- ساڵی 2002 ئەلبوومێكی گۆرانی بەنێوی "یادی یاران" 2003 ، ئەلبوومی "بۆ تۆ كوردستان" و 2007یش ئەلبوومی "دووری" بڵاودەكاتەوە.