ئیسپانییەكان "هەوێی كوردی"یان بەدڵە

رووداو - مەدرید

فیلمی "كوما"ی دەرهێنەری كورد ئومێد داغ كە لەم رۆژانەدا لە سینەماكانی ئیسپانیا نمایش دەكرێت، بووەتە جێی سەرنجی میدیاكانی ئەو وڵاتە و بە بایەخەوە لەبارەی دەنووسن.

 فیلمەكە لە ئیسپانیا بەناوی "ژیانی دووەم" نمایش دەكرێت و لەلایەن میدیای ئیسپانییەوە گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت. دەیان نووسینیان دەربارەی فیلمەكە بڵاوكردو‌وەتەوە كە كارەكەی ئەو دەرهێنەرە كوردە بە "ئەرێنی" هەڵدەسەنگێنن.

ئومێد داغ لە ڤیەننا لەدایكبووە، لە فیلمەكەیدا كە 93 خولەكە، چیرۆكی پێكەوەژیانی هەوێ پێشان دەدات. فاتیمە بەمەبەستی داخوازیی عائیشە بۆ حوسێنی كوڕی روو دەكاتە گوندێكی كوردی لە ئەناتۆلیا، بەڵام فاتیمە كچە جوانەكە بۆ مستەفای مێردی دەخوازێت، چونكە خۆی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە و دەیەوێت بەرلەوەی بمرێت، ژنێك بۆ مێردەكەی بهێنێت، بۆ ئەوەی ببێتە كۆڵەگەیەك بۆ راگرتنی خێزانەكە.

فیلمەكە بە هەڵپەڕكێ دەستپێدەكات، ئومێد داغ بەكامێراكەی تیشك دەخاتە سەر وردەكارییەكانی ژیانی ئەو كچە جوانە لەگەڵ فاتیمە و خێزانەكەی لە پایتەختی نەمسا. 

دیاردەی فرەژنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەگ و ریشەی قووڵی هەیە، لە زۆربەی حاڵەتەكاندا هێنانی ژنی دووەم بۆ پیاو بەڕەوا دەبینرێت، ئەگەر ژنی یەكەم منداڵی نەبێت، یان تووشی نەخۆشی هاتبێت. 

دەربارەی زیندوویی ئەم دیاردەیە لە باكووری كوردستان و توركیا، دەرهێنەرە كوردەكە بە رادیۆی ئیسپانیای گوت: "سەرەڕای ئەوەی كە فرەژنی لە توركیا قەدەغەیە، بەڵام بەپێی ئامارەكان لە ساڵی 2011دا 186 هەزار حاڵەتی ژنهێنانی دووەم لەو وڵاتەدا هەبووە، بە بڕوای من ژمارەكە زۆر لەوەش زیاترە".

فیلمەكە بەهەردوو زمانی توركی و ئەڵمانییە، ئومێد لە بارەی پەیداكردنی ئەكتەرەكان گوتی كە ئەو لە شارەكانی كوێلن، بەرلین، ئیستەنبوڵ و ڤییەننا بەدوای ئەكتەرەكاندا گەڕاوە. ئەو حەزی دەكرد كە ئەكتەری كورد بۆ فیلمەكەی پەیدا بكات، بەڵام دەڵێت هەر لەسەرەتاوە دركی بەوە كردبوو لەمەدا چانسی كەمە "سەرەڕای ئەوەی كە زمانی دایكی من كوردییە، بەڵام بڕیارمدا بەزمانی توركی فیلمەكە دروستبكەم، چونكە پەیداكردنی ئەكتەری گونجاو كە بە زمانی كوردی قسە بكەن زۆر ئەستەم دەبوو".

جیا لەو فیلمە، ئومێد لە 2011دا كورتە فیلمێكی بەناوی "بابا" دروستكردووە، لەم دواییانەش فیلمێكی دیكەی بەناوی "Cracks in Concrete" دروستكردووە كە تا ئێستا بەشداری 64 فیستیڤاڵی فیلمی نێونەتەوەیی كردووە.

ئومێد دەیەوێت لە رێی سینەماوە چی بڵێت؟ لە وەڵامدا دەڵێت "هیچ شتێك، من فیلمەكانم بۆ ئاراستەكردنی هیچ پەیامێك دروست ناكەم، تەنیا بۆ باسكردنی چیرۆكە، بۆ گەیشتنی هەست و دڵی ئەو كەسانەی چیرۆكەكە دەبینن. ئەركی من نییە بە خەڵك بڵێم ئەمە باشە یان خراپە".

فیلمی "كوما" تا ئێستا بەشداری 60 فێستیڤاڵی كردووە و لە 50 وڵات نمایشكراوە. لە فێستیڤاڵی سینەمایی ئەوروپادا "خەڵاتی جەماوەر"ی وەرگرتبوو، هەروەها لە ‌فێستیڤاڵی‌ نێونەتەوەیی سالەرنۆ "خەڵاتی تایبەتی" وەرگرتووە.