لە هۆلیوود ئەستێرەیەک دەبەخشرێتە لەنی کراڤێتس
رووداو دیجیتاڵ
لە رێڕەوی نێوداران لە هۆلیوودی ئەمریکا، کە زۆربەی هونەرمەندە نێودارەکانی ئەمریکا و جیهان خاوەن ئەستیرەن لەو رێڕەوە، ئەستێرەیەک بە لەنی کراڤێتس، گۆرانیبێژی ئەمریکی بەخشرا.
لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە کە رۆژی سێشەممە 12ـی ئازاری 2023 بەڕێوەچوو، رۆزی کچی ئەو هونەرمەندە و دێنزڵ واشنتن، ئەکتەری ئەمریکی و هاوڕێی دێرینی ئەو گۆرانیبێژە، ئامادەبوون.
ئەو گۆرانیبێژە رۆکە تەمەن 59 ساڵە، لە گوتارێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە تەمەنی 15 ساڵیدا ماڵەوەی لە نیویۆرک جێهێشتووە و رووی لە شەقامەکانی لۆس ئەنجلس کردووە.
دینزڵ واشنتن، لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو هونەرمەندە هەیە و ئەوان هاوڕێی نزیک و بران، بە رادیەک لەنی کراڤێتسی خۆشدەوێت کە هیچ برایەکی دیکەی بەو شێوەیە لە ژیانیدا خۆش نەویستووە.
لەنی کراڤێتس، براوەی چوار خەڵاتی گرامییە، لە رێگەی گۆرانیی "American Woman" و "Fly Away" ناوبانگی پەیداکردووە، بڕیارە بەم نزیکانە دوازدەیەمین ئەلبوومی بەناوی "Blue Electric Light" بڵاوبکاتەوە.