دیزنی پڵەس چوار ملیۆن بەکارهێنەر لەدەستدەدات

رووداو دیجیتاڵ

داهاتی کۆمپانیای دیزنی لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ زیادیکردبوو، بەڵام لە بەرامبەردا رێژەی بەکارهێنەرانی پلاتفۆڕمی 'دیزنی پڵەس' بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. 
 
دیزنی کە بارەگای سەرەکیی لە کالیفۆرنیای ئەمریکایە، داهاتی بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو 13٪ زیادیکردووە، داهاتی گشتیی 21 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام 'دیزنی پڵەس' لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، چوار ملیۆن بەشداربووی لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی بەکارهێنەرانی پلاتفۆڕمەکە گەیشتە 157 ملیۆن و 800 هەزار کەس، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا ژمارەی بەکارهێنەرانی بگاتە 163 ملیۆن، ئەمەش دوومجارە ژمارەی بەکارهێنەرانی روو لە کەمی دەکات.
 
نێتفلێکس کە رکابەری ئەو پلاتفۆڕمەیە، لە سێ جارەگی رابردوودا، بەردەوام ژمارەی بەکارهێنەرانی زیادیکردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە پارکەکانی دیزنی بۆ کات بەسەربردن بە رێژەی 17٪ داهاتی لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ زیادیکردووە، داهاتی گشتیی دیزنی؛ 23٪ بۆ ئەو پارکانە دەگەڕێتەوە کە لە چەند وڵاتێک هەیەتی.
 
هۆکارێکی دیکەی سەرکەوتنی دیزنی لە رووی زیادبوونی داهاتییەوە، لە کارلادانی حەوت هەزار فەرمانبەری بوو، بەمەش ئەو پارەیەی وەک مووچە بۆیان خەرج دەکرا، بۆ کۆمپانیاکە گەڕایەوە.