گرووپی میوزیکی نیشتمان سێ کۆنسێرت لە فەرەنسا سازدەکات
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی میوزیکی نیشتمان، بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو، سێ کۆنسێرتیان لە فەرەنسا سازکرد و فەرەنسییەکان پێشوازییەکی بەرچاویان لێکرد.
لە دوای پێشکێشکردنی پڕۆژەی یەک و دووی نیشتمان لە 50 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا، ئەمجارە سێیەم پڕۆژەی بەناوی "نەورۆز" خستە بەر گوێی فەرەنسییەکان.
لە گەشتێکی هونەریی گرووپی نیشتمان بۆ فەرەنسا، سێ کۆنسێرتیان لە هۆڵە ئۆپێراییەکانی شاری ئۆنژێ، نانت و پێریگو، لە 5-7ـی حوزەیرانی 2024 پێشکێشکرد.
پڕۆژەی سێیەمی گرووپی نیشتمان بە ناوی "نەورۆز"ـە و بە "نیشتمان سێ"ـش دەناسرێت و لە 2022ـدا بڵاوکرایەوە، پڕۆژەی یەکەمی لە 2013 و دووەمی لە 2016ـدا بڵاوکرایەوە.
لە کۆنسێرتەکاندا هەژار زەهاوی وەک سەرپەرشتیاری گرووپ و ژەنیاری دەف، ئەیوب عەلی وەک گۆرانیبێژی سەرەکی، گۆران کامیل، ئاوازدانەر و ژەنیاری عوود، رۆبن ڤاسی بە ئامێرە ریتمییەکان، میلاد محەممەدی بە ئامێری تار، مستەفا تالیب بە ئامیری کەمانچە و ئەرتان تەکین بە ئامێری زوڕنا بەشداربوون.
ئامادەبووان دڵخۆش بوون و دەنگی چەپڵەیان لە نێو هۆڵەکەدا بەرزبووەوە، ئەمەش لە دوای بیستنی میوزیک و گۆرانی کوردی کە لەلایەن گرووپی نیشتمان پێشکێشکرا.
لە دوای کۆتاییهاتنی کۆنسێرتەکانیش، بەشێک لە ئامادەبووان بەرهەمەکانی گرووپەکەیان کڕی و لەلایەن ئەندامانی گرووپەکەوە واژۆیان لەسەر کرا و وێنەیان لەگەڵ ئەندامانی گرووپەکەدا گرت.
سۆران نەقشبەندی، نووسەر و رۆژنامەنووس لە گەشتە هونەرییەکەی گرووپی نیشتماندا یاوەری گرووپەکە بووە.
ئامانجی گرووپی نیشتمانە میوزیکی کوردی زیاتر بە جیهان بناسێنت، بەرهەمەکانیشی لەلایەن کۆمپانیای فەرەنسیی ئاکۆر کروازێ بڵاودەکرێنەوە.