ئەمەل سەعید كوردە: دەمەوێ ستایلی كاری خۆم بگۆڕم
رووداو- هەولێر
ئەمەل سەعید كوردە، نزیكەی 20 ساڵ دەبێت لە بواری گۆرانی و میوزیكی كوردیدا كار دەكات. یەكەمین هەنگاوی بەرەو گۆرانیگوتن لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی بوو كە چووە سەر تەختی شانۆ و راستەوخۆ گۆرانی پێشكەش كرد. دواتر گۆرانیی "سنوور ئارام بە" دەرگای ناوبانگی لەسەر كردەوە.
ئەمەل زیاتر لە 15 ساڵە لە بەریتانیا دەژی، دوایین پرۆژەشی كارنامەی دەرچوونی زانكۆیەتی لە لەندەن كە بەناوی (بریقەیەكی كوردی لە میوزیكی جازدا) پێشكەشی كردووە، ئەو لەو كارنامەیەدا كولتووری كوردی و رۆژئاوایی بەتایبەتی ستایلی جازمیوزیك لەگەڵ میوزیكی كوردی تێكەڵكێش كردووە.
رووداو: ئەم بڕوانامەیەی میوزیك تا چەند گۆڕانكاری لە ژیانی هونەریی تۆدا كردووە؟
ئەمەل: هێشتا گۆڕانكاری لەسەر ژیانی من رەنگی نەداوەتەوە، بەڵام زۆر خۆشحاڵ و دڵخۆشم كە توانیومە ببمە خاوەنی بڕوانامە لە میوزیكی سەردەم بە تایبەتی ستایلی جاز، من یەكێكم لەو خانمانەی باشووری كوردستان كە لەم جۆرە ستایلە بڕوانامەم وەرگرتووە و ئێستا میوزیكی سەردەمی پێدەڵێن، بەتایبەتی جازمیوزیك.
رووداو: كەواتە ئەم بڕوانامەیە ستایلی گۆرانیگوتنی تۆ دەگۆڕێ؟
ئەمەل: بێگومان هەوڵ دەدەم گۆڕانێك بەسەر ستایلی كاركردنمدا بهێنم. ئەوە یەكێك بوو لە ئامۆژگارییەكانی مامۆستای زانكۆكەم. دوای ئەوەی دوایین كارنامەی زانكۆمیان بینی، نمرەیەكی باشم لەسەر هێنا، زۆریان ئامۆژگاری كردم كە ئەو گۆرانیانە تۆمار بكەم لە تێزی نامەی بكالۆریۆسەكەم پێشكەشم كردوون. لەوێ جاز و بلوزم لەگەڵ میوزیكی كوردیدا تێكەڵ كردووە. ئەوان بە دڵیان بووبێت كە زۆربەیان خاوەن دكتۆرا و ماستەرن، كەواتە بۆ لای خۆمان قبوڵمان نەبێت و نەیكەین!
رووداو: تا چەند گرنگە گۆرانیبێژ شارەزایی لە مەقامات و میوزیك هەبێت؟
ئەمەل: بەڕای من جارێ پێش مەقامەكان، با گۆرانیبێژەكان هیچ نەبێ بنچینە و بنەمایەكی باش لە میوزیك و تیۆرەكانی بزانن، پاشان با بێنە سەر مەقامزانین، چونكە مەقام هەموو كەسێك ناتوانێت كاری لەسەر بكات، لەبەر ئەوەی هێندە ئاسان نییە، من خۆشم بە یەكێك لە مەقامزانەكان نازانم، لەبەر ئەوەی من دەزانم مەقام بچڕم، بەڵام لە هەموو وردەكارییەكانی شارەزا نیم، هەڵبەتە هەوڵمداوە ئەو مەقامەی دەیچڕم زانیاری لەسەر كۆبكەمەوە، بۆ ئەوەی بە نەزانی مەقامەكە نەڵێم.
رووداو: تێكەڵكێشكردنی میوزیكی كوردی و رۆژئاوایی و جاز تاچەند خزمەت بە كولتووری كوردی دەكات؟
ئەمەل: هیچكام لە ئێمە كە لەدایك دەبین، سەرەتا هیچ زانیارییەكمان نییە، دواتر قسەكردن و رۆیشتن و خواردن لە گەورەكانەوە فێر دەبین. لەبەر ئەوەی ئەم ستایلە لە نێو كورد زۆر بەكەمی كاری لەسەر كراوە، بێگومان دەبێت لەسەرەتاوە بەكۆپی دەستپێبكەین، من پێموایە میوزیكی كوردی لەمبارەیەوە زۆر سوود دەبینێت، وەكو چۆن دارێك دەهێنین دوو جۆرە میوەی موتوربە دەكەین، تاموچێژێكی تایبەت دەبەخشێ. تێكەڵكێشكردنی میوزیكی رۆژئاوایی و كوردیش بەهەمان جۆر تاموچێژێكی تایبەت دەبەخشێ و پێموایە بەسوودی گۆرانی و میوزیكی كوردی تەواو دەبێ.
رووداو: لە یوتیوب و سۆشیال میدیا وەك مامۆستایەكی میوزیك وانەی میوزیك دەڵێیتەوە، پەیامی تۆ چییە لەم كارە؟
ئەمەل: دوای وەرگرتنی ئەم بڕوانامەیە، حەزم كرد ئەوەی من فێربوومە بیگوازمەوە بۆ خەڵكانی دیكە و سوود لە كارەكانی من ببینن. من پێموایە هەندێ لە هاوڕێ گۆرانیبێژەكانیشم پێویستیان بەو تەكنیك و شێوازە نوێیانەی گۆرانیگوتن هەیە كە ئێمە پێشتر نەمانزانیوە، مەبەستەم ئەوەیە كە ئێمە هەموومان پێویستمان بەوەیە ساڵانە خۆمان بەتەكنیك و كاری نوێ ئەپدەیت بكەینەوە، پاشان من هەوڵمداوە ئەو تەكنیكانەی لە ماوەی چوار ساڵی زانكۆ فێری بووم، لە ڤیدیۆیەكدا كورتی بكەمەوە، تاوەكو هەموو كەسێك لێی سوودمەند بێت. سەرەتاش من بەڵێنم بەخۆم دابوو كە دوای ئەوەی زانكۆ بەسەركەوتوویی تەواو دەكەم، رەزیلی لە زانیاری بەخشین نەكەم و لەگەڵ خەڵكی دیكە بەشی بكەم.
رووداو: شێوازی جلوبەرگی خۆت گۆڕیوە و بەردەوام كڵاو و شاڵێك دەپۆشی، ئەمە ستایلی تۆیە یان لاساییكردنەوەی هونەرمەندێكە؟
ئەمەل: دەكرێت هەردووكیان بێت، هەم لاسایی هونەرمەندێكی جاز بێت، دەشێت ستایلی خۆم بێت، كاتێك من بە ستایلی جاز كار دەكەم، دەبێت جلوبەرگیشم لەو ستایلە نزیك بێت، بۆ نموونە ئەو كاتەی من ئەتروحەی زانكۆم پێشكەش كرد، كە تێكەڵكێشی میوزیكی كوردی و جاز بوو، جلوبەرگەكەشم تێكەڵێك بوو لە كوردی و ستایلی جازمیوزیك، ئەو كڵاوەی كردمە سەر، مۆدێلی ساڵانی پەنجاكان بوو كە لە دیزاینی دڵگەش موراد بوو، چەند سیمبوڵێكی كوردیم تێكەڵ كردبوو، وەكو چۆن میوزیكەكەم تێكەڵ كردبوو، جلوبەرگەكەشم تێكەڵكێش كردبوو.
رووداو: دوایین بەرهەم و پڕۆژەت چییە؟
ئەمەل: دوایین پرۆژەم ئەوەیە كە دەمەوێت كارنامەكەی زانكۆ بكەمە سیدییەك و بیهێنمەوە كوردستان و پێشكەشی زانكۆكانی كوردستانی بكەم، لەگەڵ ئەوەشدا دەخوازم لەگەڵ هاوڕێ میوزیكژەنەكانم، لە كوردستان ئەم كارنامەیەم راستەوخۆ پێشكەش بكەمەوە، بەڵام ئێستا بەدوای سپۆنسەرێكدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی ئەركی ئەم پرۆژەیەم لە ئەستۆ بگرێ.