داهاتی 'Top Gun: Maverick' زیاتر لە یەک ملیار و 185 ملیۆن دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
'Top Gun: Maverick' نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Top Gun'، داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا یەک ملیار و 185 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 27-5-2022 لە سینەماکانی جیهاندا نمایشکرا، تەنیا داهاتی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور، 597 ملیۆن و 400 هەزار دۆلارە.
لە نمایشی فیلمەکە لە لەندەن، فرۆکەیەکی جۆری 'Eurofighter Typhoon' لە دەرەوەی هۆڵی سینەما دانراوە کە لە فیلمەکەدا بەکارهاتووە، ئەمەش زیاتر سەرنجی بینەرانی فیلمەکەی بەلای خۆیدا راکێشاوە.
لە 19-5-2022 ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندرا و تۆم کروز ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە، لە فیستیڤاڵەکە ئامادەبوو.
ئەم بەرهەمە لە دەرهێنانی جۆزێڤ کەسینسکییە و لەبارەی بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵی فیلمی کان، رایگەیاندبوو "خەونی هەموو دەرهێنەرێک ئەوەیە رۆژێک بتوانێت بچێتە کان".
'Top Gun: Maverick' لە 25-5-2022 لە سینەماکانی فەرەنسا و بەریتانیا و لە 27 هەمان مانگ لە سینەماکانی ئەمریکا پێشاندرا.
جگە لە پێشاندانی فیلمەکە لە فیستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی چڵەخوورمای زێڕین بە تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی و ئەستێرەی فیلمە ئەکشنەکان بەخشرا، وەک رێزێک لە کار و بەرهەمە سینەماییەکانی.
تۆم کروز، لە 3-7-1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10.1 ملیار دۆلار لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
کروز، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی 'Business' لە 1986، فیلمی 'The Color of Money'لە 1986 و فیلمی 'Born on the 4th of July' لە 1988.
'Top Gun' فیلمێکی دراما و ئەکشنی ئەمریکییە، یەکەم بەشی لە 1986 بڵاوکرایەوە، دەرهێنەری تۆنی سکۆت و بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، بودجەی بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن دۆلار بوو و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 356 ملیۆن دۆلار بوو.
کروز، رۆڵی ماڤێریک ئەفسەری هێزی دەریایی دەگێڕێت، کە فڕۆکەوانێکی دەریایی گەنجە لەناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری (USS) کاردەکات.