باد بانی لە کۆنسێرتەکانی پۆرتۆریکۆ زیاتر لە 186 ملیۆن دۆلار بەدەستدێنێت
رووداو دیجیتاڵ
باد بانی، راپەری پۆرتۆریکۆ، یەکەمین کۆنسێرتی لە چوارچێوەی زنجیرەیەک لە 30 کۆنسێرتی لە دوورگەی پۆرتۆریکۆ سازکرد، تێیدا پەیامی سیاسی و کولتووریی هەبوو.
لە نوێترین ئەلبوومیدا بە ناوی "DeBÍ TiRAR MáS FOToS"، بانی بانگەشە بۆ میوزیکی فۆلکلۆریی دوورگەکە دەکات، پرسیار لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوچەکە دەورووژێنێت.
هۆڵی کۆنسێرتەکەی کە شەوی هەینی 11ـی تەممووزی 2025 بەڕێوەچوو، جێگەی 18 هەزار کەسی تێدا دەبێتەوە، بە تەواوی لەلایەن ئامادەبووانەوە پڕکرابووەوە.
بانی نیوەی کۆنسێرتەکەی لەسەر باڵکۆن و سەربانی ماڵێکی لاسایی پۆرتۆریکۆ بەسەربرد، کە وەک دووەم تەختی شانۆ بۆ کۆنسێرتەکە بەکارهێنرا.
نوێترین ئەلبوومی باد بانی و پلانی 30 کۆنسێرت بۆ داڕێژراوەکەی کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبووە، بە گوتەی بەرپرسانی حکومەت، هوتێلەکان زیاتر لە 35 هەزار شەویان بە کرێ داوە، ئەمەش لە وەرزی هاویندا رووینەداوە، کە بە شێوەیەکی گشتی وەرزێکی کەم جموجووڵە.
پێشبینی دەکرێت زنجیرە کۆنسێرتەکان زیاتر لە 600 هەزار گەشتیار رابکێشن، زیاتر لە 186 ملیۆن دۆلار داهاتیان هەبێت و زیاتر لە سێ هەزار و 600 هەلی کار بڕەخسێنن.
جگە لەوەش، بەکارهێنانی میوزیکی فۆلکلۆری وەک "بۆمبا" و "پلێنا" لەلایەن باد بانییەوە لە نوێترین ئەلبوومیدا، جارێکی دیکە بایەخی بەو جۆرە میوزیکە لاساییانە داوەتەوە.
بەشێک لە هەوادارانی باد بانی تەنوورەی درێژی ئوتوو نەکراویان پۆشیبوو کە بە شێوەیەکی لاسایی بۆ سەمای "بۆمبا" دەپۆشرێت، بەشێکی دیکەش کڵاوی پووشییان لەسەرکردبوو کە بە "پاڤا" ناسراوە و لەلایەن جووتیارانی پۆرتۆریکۆ لەسەردەکرێت.
هەمان جلوبەرگ لەلایەن میوزیکژەن و سەماکارەکانی سەر شانۆ پۆشرابوون، لە ساتێکدا تەنانەت چەند مریشکێکی زیندووش لەسەر شانۆ دەبینران.
لەسەر شانۆکە، بە رووناکییەکی گەش دروشمی "No me iré de aquí" نووسرابوو، کە بە مانای "لێرە ناڕۆم" دێت.