لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی نوور شەریف عادل ئیمام تووڕەبوو


رووداو - هەولێر

لەنێو یەکێک لە مزگەوتەکانی قاهیرەی پایتەختی میسر، نوێژ لەسەر تەرمی هونەرمەندێکی نێودار كرا، لە دوو ساڵی رابردوودا میسر بەشێک لە گەورەترین ئەستێرەکانی خۆی لەدەستدا، دواترینیشیان نووری شەریف بوو.

ئەم دیمەنانە کاتی بەخاکسپاردنی ئەستێرەو ئەکتەری میسری نوور شەریفن، ئەو ئەگەر رۆژانێک ئەستێرەی دراماکان بوو، بەڵام ئێستا تەرمەکەی لەسەر شانی خەڵکانێک لەنێو مزگەوت دەهێندرێتە دەرەوە.

رێورەسمی بەخاکسپاردنی نوور شەریف، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و کەسایەتی سیاسی وڵاتەکە بەڕێوەچوو، نێوبراو لە 11ی ئابی 2015 بەهۆی نەخۆشی خوێن کۆچی دواییکرد، عادل ئیمام یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانی نێوبراو، لەکاتی ئامادەبوونی لە پرسەی شەریف لە رۆژنامەنووسان تووڕەدەبێت و هاوڕێکانیشی دڵنەوایی دەکەن، کوڕی سەرۆکی پێشووتری میسریش لە پرسەکە ئامادەیە.

لەم مزگەوتەدا، نوێژی مردن لەسەر هونەرمەندێکی دیکەی میسری کرا، ئەمەش سارای کچی نوور شەریفە، لە باوەشی یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانی باوکی، بۆ مەرگی ئەستێرەیەک فرمێسک دەڕێژێت.

نوور شەریف لە ساڵی 1949 لەدایکبووە، هەر لە تەمەنی منداڵیدا لە دوای وەرزش، دەستی بەکاری و شانۆیی کردووە، ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئەکتەری عەرەبی بووسی پێکهێناوە، لە ساڵی 2006 بۆ ماوەیەک جیابوونەوە، بەڵام دووبارە هاوسەرگیریان کردەوە، ناوبراو لە دەیان زنجیرە دراما و فیلمی میسریدا رۆڵی سەرەکی هەبووە، بەڵام درامای "حاجی متوەلی" ناسراوترین درامای ئەو ئەستێرەیە بوو لە هەرێمی کوردستان.