پەیوەند جاف بایکۆتی وڵاتی تورکیا دەکات
رووداو - ھەولێر
گۆرانیبێژی کوردی تاراوگە نشین پەیوەند جاف، وابڕیاربوو بۆ ئەنجامدانی چەندین کارێکی سەردانی تورکیا بکات، بەڵام ئەو پەشیمان بوونەوەی خۆی راگەیاند و ھۆکارەکەشی بۆ رووداو ئاشکراکرد .
پەیوەند جاف بە (تۆڕی میدیای رووداو) ی راگەیاند:" ھەندێ جار گۆرانیبێژ دەبێت گۆرانیبێژ بێت و ھەڵوێستی نیشتمانی ھەبێت، بۆیە بڕیاروابوو بچم بۆ وڵاتی تورکیا و لەوێ چەند کارێکی ھونەری ئەنجام بدەم، بەڵام لە بڕیارەکەم پاشت گەز بوومەوە بەھۆی ئەو سیاسەتە سەقەتەی کە تورک ھەیەتی بەرامبەر بە برا کوردەکانمان".
پەیوەند دەشڵێت:" ئەوەی کورد بێت دەبێ بایکۆتی تورکیا بکات و نەک بۆ کاری ھونەری بەڵکو بۆ گەشتیارانیش، چونکە دەبێت ئێمە ھەست بە کوردبوونی خۆمان بکەین ئەوان لە ئێمە دەکوژن و دەبڕن ئێمەش بچین خێر و بێری وڵاتەکەمانی بۆ ببەین ، من لەم ساتەوە بایکۆتی تورکیا دەکەم بە ھۆی ئەو سیاسەتە رەگەزپەرستەی کە تورکیا ھەیەتی بەرامبەر بە گەلی کورد".
پەیوەند جاف پێشتر لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە (رووداو)ی راگەیاندبوو کە، كلیپێك بۆ گۆرانیەكی تازەكەم دەکەم كە گۆرانییەكە ناوی (گوڵێیە) و یەكێكە لە كارە ناوازەكانی زیاد ئەسعەد، بەڵام ئەو پەشیمانی خۆی دەربڕی بڕیاریداوە کە کلیپەکەی لە تورکیا نەکات.