مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ پەیوەند جاف لە هەولێر بەڕێوەچوو

رووداو - هەولێر 

لە چەند رۆژی رابردوو گۆرانیبێژ پەیوەند جاف لە شاری ھەولێر بەهۆی خزمەتکردنی هونەر رێزی لێنرا.

سەبارەت بە رێزلێنانی لەلایەن هۆتێلی چوارچراوە، خەسرۆ عوسمان، خاوەنی ھۆتێلی چوارچرا بە (رووداو) راگەیاند : " وەک چوارچرا ئێمە ھەمیشە خەڵکانێکمان لە بیرە کە خزمەت بە ھونەری رەسەن و کولتوور دەکەن لە کوردستاندا، بۆیە بە باشمان زانی کە لە مەراسیمێکدا خەڵاتی رێزلێنان بە هونەرمەند پەیوەند جاف ببەخشین".
  
پەیوەند جاف دڵخۆشی خۆی نیشاندا بەوەی کە لە بیرنەکراوە و وەک گۆرانیبێژێک رێزی لێنراوە. لە لێدوانێکی تایبەت بۆ رووداو گوتی : "دەمەوێت سوپاسی ئەو خەڵکە ھونەردۆستەی شاری ھەولێر بکەم کە منیان لەبیرنەکرد و رێزیان لێنام".

پەیوەند گوتیشی:" ئەم جۆرە رێزلێنانە بۆ ھونەرمەندان لە کوردستان بە گشتی کارێکی زۆر باشە و ھانی ئێمەی گۆرانیبێژ دەدات کە کاری باشتر ئەنجامبدەین و، زیاتر بیر لە خزمەتکردن بکەینەوە، بۆیە سوپاسی چوارچرا دەکەم کە منیان لە بیر بوو".