(زەوی سەخت و ئاسمان دوور) دوای بەدەستهێنانی پێنج خەڵات لە دهۆک پێشاندەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی (زەوی سەخت و ئاسمان دوور)، کە یەکەم فیلمی درێژی هەوراز محەممەد، دەرهێنەری کوردە، بڕیارە لە 12یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک پێشانبدرێت. فێستیڤاڵەکە لە 9 تا 16ـی کانوونی یەکەمی 2025بەڕێوەدەچێت.
هەوراز محەممەد، بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە فیلمی (زەوی سەخت و ئاسمان دوور) لە 12یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک بەشدار دەبێت و وەک فیلمی میوان پێشان دەدرێت.
چیرۆکێک لەبارەی جەنگ، لێبووردن و قوربانییەوە
چیرۆکی فیلمەکە باس لە کارەکتەرێک دەکات بەناوی هاروونە، جەنگ کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر دەروونی جێهێشتووە. هاروون بۆ دۆزینەوەی ئارامی، پەنا بۆ ژنێکی بە تەمەنی گوندنشین دەبات بەناوی ماری کە هێشتا شیوەن و گریان بۆ کوڕە لەدەستچووەکەی دەگێڕێت.
ئەو دوو کارەکتەرە هەوڵدەدەن لە رێگەی رێوڕەسمێکی هاوبەشەوە برینەکانیان ساڕێژ بکەن، بەڵام چیرۆکەکە وەرچەرخانێکی دراماتیکی بەخۆیەوە دەبینێت کاتێک دەردەکەوێت کە هاروون بکوژی کوڕی ئەو ژنە بە تەمەنەیە. لە جیاتی تۆڵەسەندنەوە، ماری رێگەی لێبووردن هەڵدەبژێرێت و دەگاتە ئەو باوەڕەی کە هاروون و کوڕەکەی، هەردووکیان قوربانیی جەنگن.
بەرهەمێکی هاوبەشی چوار پارچەی کوردستان
(زەوی سەخت و ئاسمان دوور) بەرهەمێکی درامایی و کۆمەڵایەتییە، لە نووسینی هەوراز محەممەد و مەنسوور تەیفورییە. یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی فیلمەکە کۆکردنەوەی ستافێکی فیلمسازییە لە چوار پارچەی کوردستان. لە بواری نواندندا بەختیار پەنجەیی، مریەم بووبانی، ئەژدەر سازگار و دیمەن زەندی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی رەوەز حەمەساڵحە و بەرهەمی دەزگای کەلتووریی غەزەلنووسە بە بەشداریی کۆمپانیای لامیدیا. سالم سەڵەواتی کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە.
هەوراز محەممەد پێشتر بە رووداوی ڕاگەیاندبوو: "بە بڕوای من باشترین رێگە ئەوەیە چیرۆکی راستەقینەی خەڵک وەک فیلم بەرهەم بهێنیت. (زەوی سەخت و ئاسمان دوور) گرێدراوی دۆخی کوردە و چیرۆکی هەموو تاکێکی کورد لەخۆی دەگرێت".
فیلمێک بە فۆرمێکی شیعری و ناوەڕۆکێکی جادوویی
دەرهێنەر ئاماژەی بەوەشدا، فیلمەکە باس لە کوردبوون، عەشق و جەنگ دەکات و لە رووی تەکنیکەوە گێڕانەوەیەکی هونەرییانەی هەیە. ئەو دەڵێت: "فیلمەکە لە فۆڕمدا شیعرییە و لە ناوەڕۆکدا شێوازی ریالیزمی جادوویی پەیڕەو دەکات، هەوڵدەدات وێنەی مرۆڤی دوای جەنگ نیشان بدات".
هەوراز محەممەد، کە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە سینەمادا، 17 کورتە فیلم و 19 بەڵگەفیلمی لە کارنامەیدا هەیە، وەک نووسەر و رەخنەگر چەندین کتێب و بابەتی بڵاوکردووەتەوە.
پێنج خەڵات لە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی
ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی، کە تۆڕی میدیایی ڕووداو سپۆنسەری میدیایی بوو، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و پێنج خەڵاتی سەرەکیی بردەوە، کە بریتی بوون لە: خەڵاتی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین ئەکتەری ژن و باشترین وێنەگرتن (سینەماتۆگرافی).