هێلی لەڤ وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە بۆ لەسەر پشتی ئەو پیاوە دانیشتووە
رووداو - هەولێر
هونەرمەندی بەنێوبانگی کوردستان کلیپەنوێکەی بەناوی بۆی بای بڵاوکردەوە، لە گفتوگۆیەکی تایبەتیش لەگەڵ دلێر تێللی، پێشکێشکاری رووداو لەبارەی وێنەکەی کە لەسەر پشتی پیاوێک دانیشتووە دەڵێت، وتەکانی و پۆستەکەی بەهەڵە لێکدراونەتەوە و ئەوەی ئەو کردوویەتی هونەرە.
هێلی لەڤ پێش بڵاوکردنەوەی کلیپەکەی وێنەیەکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، تێیدا لەسەر پشتی پیاوێک دانیشتبوو و لەسەری نووسیبوو "کاتێک تاج دەخەمە سەرم، پیاوەکان لەسەر ئەژنۆ کرنوش دەبەن".
ئەو هونەرمەندە باسی ئەو وێنەیەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوە کرد، هەڵە تێگەیشتن لەسەر ئەو پۆستە هەبووە، ئەوە هونەرە و لەسەر داوای کۆمپانیاکە ئەو کارەی کردووە. لەوێدا رۆڵی مارلین مۆنرۆ، هونەرمەندی بەنێوبانگی جیهانی بینیوە.
هێلی لەڤ باسی لەوەشکرد، ئەوە خەونێکی گەورەیە بۆ هونەرمەندێکی کوردستان کە کلیپ لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەکو سۆنی میوزیک بکات، سۆنی میوزیک ئەویان هەڵبژاردووە وەک ژنێکی بەهێزی کوردستان و مەبەستی لەو کارەش شکاندنی بەربەستەکان بووە.
کلیپەکەی هێلی لەڤ لە ئەڵمانیا بەرهەمهاتووە و کۆمپانیای سۆنی میوزیک، کە یەکێکە لە کۆمپانیا بەنێوبانگەکانی میوزیک لە جیهاندا کاری بەرهەمهێنانی بۆ کردووە. هێلی لەڤ دەڵێت، سۆنی میوزیک بودجەیەکی زۆریان بۆ تەرخانکردووە و بەپێی رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیاکە لە ساڵی داهاتوو هەر دوو مانگ جارێک بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە.
شاهۆ ئەمین باسی پۆستەکەی هێلی لەڤ دەکات: