لە زیندانێکی ئیتاڵیا بەلەمی کۆچبەران دەکرێنە ئامێری میوزیکی و دەژەندرێن


رووداو دیجیتاڵ

لە زیندانی (ئۆپێرا)ـی شاری میلانی ئیتاڵیا، ئامێرە میوزیکییەکان تەنیا دەنگ نین، بەڵکو چیرۆکی مەرگ و ژیان دەگێڕنەوە. ئەو ئامێرانەی لە تەختەی شکاو و کۆنی بەلەمی کۆچبەران دروستکراون، لە کۆنسێرتێکی تایبەتدا بەکارهێنران، تێیدا پەیامی مرۆڤایەتی و چاکسازی لە پشت دیواری زیندانەکانەوە بڵاوکرایەوە.
 
ریکاردۆ مۆتی، مایسترۆی ئیتاڵی، رێبەرایەتیی ئۆرکێسترایەکی گەنجانی کرد لە نمایشێکدا بۆ زیندانییان و میوانانی گرتووخانەکە. ئامێرەکانی ڤیۆلین، ڤیۆلا و چێلۆ، کە هێشتا رەنگی شین، سەوز و زەردی کاڵبووەوەی بەلەمەکانیان پێوە دیار بوو، ئاوازی هیوا و رزگاربوونیان دەژەنی.
 
ریکاردۆ مۆتی، لەبارەی ئامێرەکانەوە گوتی، ئامێرەکان لەو تەختە داری ئەو بەلەمانە دروستکراون کە خەڵکیان دەگەیاندە کەناری ئارامی و دیموکراسی.
 
ئەو کەسانەی ئەم ئامێرە میوزیکییانەیان دروستکردووە، زیندانییانی گەورەترین گرتووخانەی ئیتاڵیان. ئامانجی پڕۆژەکە گۆڕینی شتە فڕێدراوەکانە بۆ کەلوپەلی بەنرخ؛ گۆڕینی تەختەی بێکەڵک بۆ ئامێری میوزیکی مۆدێرن و گۆڕینی زیندانییان بۆ وەستا و پیشەگەر، هەموو ئەمانەش لەپێناو پڕۆسەی چاکسازی و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە.
 
زیندانی ئۆپێرا دەکەوێتە باشووری میلان، پتر لە 1,400 زیندانی تێدایە، 101 کەسیان ئەندامی مافیان و لەژێر چاودێرییەکی تووند دان.
 
ئەو بەلەمانەی دەگەنە زیندانەکە، وەک خۆیان و بەو پاشماوانەی کۆچبەران تێیاندا جێیان هێشتووە دەگوازرێنەوە؛ ئەوان یادگاری ئەو دەیان هەزار کۆچبەرانەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە 2014ـەوە لە دەریای ناوەڕاستدا لە کاتی پەڕینەوە بەرەو ئەورووپا، خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
 

مۆتی، هەستی خۆی لە دوای نمایشەکە دەربڕی و گوتی: "بیستنی میوزیک لەو کەسانەی لێرە سزاکانیان بەسەر دەبەن، هێندە ئارام دیارن و بە ئاشکرا تامەزرۆی دۆزینەوەی هاوسەنگی و تەبایین لە ژیانیاندا لە رێگەی میوزیکەوە، ئەزموونێکی دەوڵەمەند بوو بۆ من، هەم وەک میوزیکژەن و وەک مرۆڤ".
 

لە کۆنسێرتەکەدا، ئۆرکێستراکە چەندین پارچە میوزیکی کلاسیکی ئاوازدانەرانی وەک ڤیڤاڵدی و ڤێردی پێشکێش کران. هەروەها گرووپێکی کۆراڵ لە زیندانی سان ڤیتۆرێی میلانەوە بەشدارییان کرد.