(KPop Demon Hunters) ئاوێتەیەکە لە میوزیک و ئەفسانە کۆنەکانی کۆریا


رووداو دیجیتاڵ

ئەنیمەیشنی (KPop Demon Hunters) بەرهەمی کۆمپانیای نێتفلێکسە، کە ئەمساڵ بووە براوەی دوو خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب؛ خەڵاتی باشترین فیلمی ئەنیمەیشن و باشترین گۆرانی ڕەسەنی بۆ گۆرانی "Golden"، ئاوێتەیەکە لە میوزیکی کەی-پۆپ و ئەفسانە کۆنەکانی کۆریا.
 
فیلمەکە یەکەمین بەرهەمی سینەماییە کە ئەستێرەکانی میوزیکی کەی-پۆپ کۆدەکاتەوە. لە دەرهێنانی ماگی کانگ و کریس ئەبیلهانزە و میوزیکی فیلمەکەش لەلایەن مارسێلۆ زارفۆسی بەڕازیلی و چەندین میوزیکژەنی کۆرییەوە ئامادە کراوە.
 
چیرۆکێک لە نێوان میوزیک و ئەفسانە دا
 
چیرۆکی فیلمەکە لە کەلەپووری کۆرییەوە وەرگیراوە و باس لە گرووپێکی کچانی گۆرانیبێژ دەکات کە لە هەمان کاتدا راوچیی خراپەکارەکانن.
 
لەم بەرهەمەدا سوود لە فۆلکلۆری کۆری و ئایینەکانی وەک بودیزم و کۆنفۆشیۆسیزم و شەمانیزم وەرگیراوە. یەکێک لە دیارترین توخمە ترسناکەکانی فیلمەکە، خراپەکارە ئاوییە سەوزەکانن کە لە "رۆحە خنکاوەکان"ـی ئەفسانەی کۆرییەوە وەرگیراون.
 
نیشاندانی هێزی ژن
 
بە پێچەوانەی وێناکردنی باوی ژن لە کەلتووری پۆپی کۆریدا، (KPop Demon Hunters) پاڵەوانەکانی وەک کەسایەتییەکی بەهێز، سەربەخۆ و چالاک نیشان دەدات. ئەوان لە رێگەی سەمای جەستەیی، دەنگ و هەستەکانیانەوە ناسنامەی خۆیان دەسەلمێنن و بەرگری لە جیهان دەکەن.
 

چەکی جادوویی و میوزیک 
 
لە فیلمەکەدا میوزیک تەنیا بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو وەک قەڵخانێکی جادوویی دژی خراپەکاران بەکاردێت. هەر یەک لە ئەندامانی گرووپەکە چەکێکی تایبەتیان هەیە کە گوزارشت لە رەهەندە رۆحییەکانیان دەکات.
 

رەهەندە دەروونییەکان
 
کەسایەتی (رۆمی) لە ئەفسانەی شازادە (باری)یەوە وەرگیراوە؛ ئەو کچێکە نیوەی مرۆڤ و نیوەی خراپەکارە، بەدەست ململانێی ناوەخۆ و شەرمکردن لە ناسنامەکەی دەناڵێنێت، بەڵام بەرپرسیارێتی رزگارکردنی جیهانی لەسەر شانە.
 
لە دیزاینی کارەکتەرە خراپەکارەکاندا؛ دەمامکی کۆنی ئەفسانەکانی کۆریا بەکارهاتوون، ئەمەش شێوەیەکی ترسناک و سەرنجڕاکێشی بە فیلمەکە بەخشیوە.
 

پەیامی فیلمەکە
 
(KPop Demon Hunters) جەخت لە سێ پەیامی سەرەکی دەکاتەوە: جیهان تەنیا رەش و سپی نییە، پێویستە مرۆڤ لە جیاوازییەکانی نەترسێت و تێکەڵبوونی ناسنامەکان سەرچاوەی هێزە نەک لاوازی.
 
فیلمەکە نیشانی دەدات کە ئەو قەڵخانە درەوشاوەیەی جیهان دەپارێزێت، لەو پەیوەندییە قووڵەوە دروست دەبێت کە میوزیک لە نێوان هونەرمەند و جەماوەرەکەیدا دروستی دەکات؛ هیوایەک کە تەنیا لە رێگەی کاری بەکۆمەڵ و تێگەیشتنی یەکدییەوە گەشە دەکات.