دوای 36 ساڵ چیرۆکی کیمیابارانی نۆدشە دەکرێتە فیلم
رووداو دیجیتاڵ
(دژ نۆ) کورتە فیلمێکی کوردییە و باس لە چیرۆکە پشتگوێخراوانی کیمیابارانی نۆدشەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، وێنەگرتنی کۆتایی هاتووە و ئێستا لە دوا قۆناخەکانی مۆنتاژ و ئامادەکردندایە.
سینا وەلەدبەگی، فیلمسازی لاوی کورد دەرهێنەری فیلمەکەیە و بە رووداوی راگەیاند، چیرۆکی فیلمەکە پاش سێ ساڵ لێکۆڵینەوەی مەیدانی و گفتوگۆ لەگەڵ بریندارانی کارەساتی کیمیابارانی نۆتشە نووسراوەتەوە. گوتیشی، فیلمەکە هەوڵدەدات رەهەندی مرۆیی ئەو کارەساتە نیشانی جیهان بدات کە ساڵانێکە پەراوێز خراوە.
کارەساتی 17ـی ئادار
رۆژی ١٧ـی ئاداری 1988، تەنیا رۆژێک دوای کیمیابارانی هەڵەبجە، شاری نۆدشە لە ناوچەی پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن فڕۆکەکانی عێراقەوە کیمیاباران کرا. لەو هێرشەدا چەندین بۆمب بەر ماڵانی سڤیل و بنکەی تەندروستی شارۆچکەکە کەوتن، کە بووە هۆی شەهیدبوونی پتر لە 18 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەسی دیکە بە گازی ژەهراوی.
وەلەدبەگی دەڵێت، بەهۆی هاوکاتیی ئەم رووداوە لەگەڵ کارەساتە گەورەکەی هەڵەبجە، مێژووی کیمیابارانی نۆدشە وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.
لەبارەی ناوی فیلمەکە، دەرهێنەر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، (دژ نۆ) کە ناوی کۆنی شاری نۆدشەیە و دەیەوێت ئەو مێژووە بە زمانی سینەما دووبارە بگێڕێتەوە.
لەبارەی دەرهێنەرەوە
سینا وەلەدبەگی، دەرهێنەری فیلمەکە، دەرچووی ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی ئێران - لقی کرماشانە. پێشتر لە فیلمەکانی (بووکەبارانە) و (شانۆی نەمان)ـدا رۆڵی هەبووە و وەک یاریدەدەری دەرهێنەر و بەڕێوەبەری بەرهەم لە چەندین پڕۆژەی دیکەدا کاری کردووە.
وێنەگرتنی فیلمەکە ماوەی حەوت رۆژی خایاندووە و لە شارەکانی پاوە و نۆدشە ئەنجامدراوە. ستافی فیلمەکە ئامانجیانە لە رێگەی ئەم بەرهەمەوە، چیرۆکی دەیان قوربانی ئەو کارەساتە بگەیێننە فێستیڤاڵە جیهانییەکان و سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای ئەو کۆمەڵکوژییە رابکێشن.