لە ستۆکهۆڵم ئاهەنگێک بەبۆنەی ڤالانتاین بۆ رەوەندی کوردی سازدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی رۆژی ڤالانتاینەوە، ئاهەنگێک بۆ رەوەندی کوردی لە ئەوروپا و بە بەشداری ژمارەیەک هونەرمەندی کورد و بە سەرپەرشتی هونەرمەند کاوە شێخ، لە ستۆکهۆڵمی سوێد سازدەکرێت.
رێباز نانەکەلی، رێکخەری کۆنسێرتەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 17ـی شوباتی 2024 کۆنسێرتێک بە بەشداری هونەرمەندان ئەیوب عەلی، میکائیل و شێرزاد نانەکەلی لە ستۆکهۆڵمی سوێد بۆ رەوەندی کوردی لەو وڵاتە و لە ئەوروپا بە شێوەیەکی گشتی ساز دەکەن و هونەرمەند کاوە شێخ، سەرپەرشتی گرووپە میوزیکییەکە دەکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کۆنسێرتەکە بەبۆنەی ڤالانتاین و دووبارە گەڕانەوەی کاوە شێخە بۆ نێو کاری هونەری کە بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ ماوەیەک دوورکەوتبووەوە و دەیەوێت ئاهەنگ و کۆنسێرتە کوردییەکان لە ئەوروپا لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوەببات.
نانەکەلی، روونیشیکردەوە، لە گرووپەکەدا، دوو ژەنیاری یۆنانی و ژەنیارێکی سوێدی هەن و پلانیان هەیە لە ماوەی داهاتوودا زنجیرە کۆنسیرتێک لە بەریتانیا و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا سازبکات.
هونەرمەندانی کورد لە دیاسپۆرا، لە بۆنە کوردی و جیهانییەکاندا، کۆنسێرت و ئاهەنگ بۆ رەوەندی کوردی سازدەکەن.