لە هەولێر شەهرام نازری خەڵاتدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شەهرام نازاری، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە رێوڕەسمێکدا لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە خەڵاتدەکرێت.
نامیق هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، هونەرمەند شەهرام نازری بە بانگهێشتێکی فەرمی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێرە و لە رێوڕەسمێکدا خەڵات دەکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رێوڕەسمی خەڵاتکردنەکە کاژێر 11:00ـی بەیانی رۆژی دووشەممە 16-5-2022 لە هۆڵی پێشەوا سازدکرێت و خەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی پێدەبەخشرێت.
هەورامی، روونیشیکردەوە، جگە لە خەڵاتکردنەکە، بەڵگەفیلمێک لەبارەی ژیان و هونەری ئەو هونەرمەندە کوردە پێشاندەدرێت و گرووپێکی میوزیکی لە هەولێر گەشتێک بە نێو بەشێک لە کارە هونەرییەکانیدا دەکات و نازری لە کۆتایی رێوڕەسمەکەدا دوو بەرهەم بە دەنگی خۆی پێشکێش دەکات.
شەهرام نازری، لە 1949 لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، لە نێو ماڵباتێکی هونەریدا لە دایکبووە، پێشەنگی ماڵباتەکەیان لەو بوارەدا حاجی خانی نازری بووە کە زۆربەی هونەرمەندانی کرماشانی فێری نۆتە و میوزیک کردووە.
نازری، لە منداڵییەوە هۆگری هونەر بووە و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا یەکەم بەرنامەی هونەریی لە رادیۆ کرماشان بەئامێری تار نەمر پێشکەشکردوو، لە 11 ساڵیدا لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران چەند بەرنامەیەکی هونەری بەڕێوەبردووە و لەلایەن ژمارەیەک لە هونەرمەندانی ناسراو وانەی وەرگرتووە، زیاتر لە 30 ئەلبوومی گۆرانی بەرهەمهێناوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا کۆنسێرتی سازکردووە.
نازری، چەندین خەڵاتی پێشکێشکراوە، لەوانە شوالیەی فەرەنسی لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە، خەڵاتی میراتی كولتووری رۆژئاوا لەلایەن رێكخراوی ئاسیا سۆسایتی كە بان كی مۆن، سكرتێری پێشووی یو ئێن خەڵاتەكەی پێبەخشی و میدالیای زێڕینی مەولانا لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی توركیا و چەندین خەڵاتی دیکەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.