لیۆناردۆ دی کاپریۆ خەڵاتی تایبەتی کان رادەستی رۆبێرت دی نیرۆ کرد
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی 78ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە فەرەنسا، خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵ لەلایەن لیۆناردۆ دی کاپریۆ، ئەکتەری ئەمریکی، رادەستی رۆبێرت دی نیرۆ کرا.
بەخشینی خەڵاتەکە رێزە لە تەمەنێک بەرهەم و چالاکیی هونەری ئەو ئەکتەرە ئەمریکییە
لە بواری سینەمادا، لە 2011 دی نیرۆ سەرۆکایەتیی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەکەی کردووە.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی کان شەوی سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، بە پێشاندانی فیلمی "Leave One Day" لە شاری کانی فەرەنسا دەستیپێکرد و تاوەکو 24ـی هەمان مان بەردەوام دەبێت.
بەهۆی کاریگەریی و ناوبانگی فەرشی سووری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە رایانگەیاند، بە رووتی دەرکەوتن لەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵ قەدەخەیە.
لە بڕیارە نوێیەکەی فێستیڤاڵدا هاتووە: "رووتی لەسەر فەرشی سوور قەدەخەیە، هەروەها لە هەر سوچێکی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا".
ئەستێرەکان وەک پێویست پابەندی بڕیارەکەی فێستیڤاڵ نەبوون و بێلا حەدید، مۆدێلی ئەمریکی بە رەچەڵەک فەڵەستینی بە جلێکی نیچمە رووت لەسەر فەرشی سوور دەرکەوت. تاتۆیەک لەسەر قۆڵی دەردەکەوێت بە عەرەبی نووسراوە "خۆشم دەوێی".
لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵدا، ژمارەیەک ئەستێرەی دیاری هونەری بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕین، لەوانەش رۆبێرت دی نیرۆ، کوێنتین تارانتینۆ، هالی پێری و بێلا حەدید.
کوێنتین تارانتینۆ، لە دوای ئەوەی گوتارێکی لە رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا پێشکێشکرد و دوای تەواوبوونی گوتارەکە، مایکرۆفۆنەکەی لە دەستی خستە خوارەوە.
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەورووپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.