شەیدا قەوامی ئەکادیمیای میوزیکی کوردی و رۆژهەڵاتی لە کۆڵن دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

شەیدا قەوامی، هونەرمەندی کورد، ئەکادیمیایەکی تایبەت بە میوزیکی رۆژهەڵاتی لە کۆڵنی ئەڵمانیا کردووەتەوە، جگە لە خۆی، هونەرمەندانی دیکەی کورد، فارس، تورک، ئەڵمانی و ئیتاڵی تێیدا کار دەکەن.
 
شەیدا قەوامی، بە رووداوی راگەیاند، دوای یەک ساڵ کار و هەوڵدان، لە کۆتایی هەفتەی رابردوو توانی ئەکادیمیایەکی تایبەت بە میوزیکی کوردی و رۆژهەڵاتی بکاتەوە. گوتیشی، ئەکادیمیاکە باەناوی "ئینانا میوزیک"ـە و سەرنجی زیاتر لەسەر میوزیک و گۆرانیی کوردییە و میوزیکی رۆژهەڵاتییە بە گشتی.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە پاڵ هونەرمەندی کورد، تورک و فارس، هونەرمەندانی ئەڵمانی و ئیتاڵیش تێیدا بەشدارن و میوزیکی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی ئاوێتە دەکەن و لە داهاتوودا هونەرمەند عەرەبیش وەک وانەبێژ تێیدا کار دەکەن.
 
روونیشیکردەوە، فێرخوازن وانەی شەش مانگی و یەک ساڵی میوزیک و دەنگ لەلایەن هونەرمەندانەوە وەردەگرن.
 
هەر لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئەکادیمیاکە، توێژینەوەیەکی شەیدا قەوامی ناسێندرا کە بە شێوەی کتێب بە زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی چاپکراوە و ناوەڕۆکی لەبارەی میوزیک و گۆرانی کوردییە.
 
شەیدا قەوامی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە کۆڵنی ئەڵمانیا دەژی، نەورۆزی 2023 بەرهەمێکی بەناوی "نەورۆز" لە ئاوازی خۆی و تێکستی ئەحمەد محەممەد بڵاوکردەوە.
 
قەوامی، لە 2022 بەرهەمێکی بەناوی "پرچی سەربەستی" لەبارەی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکردەوە کە لە ئاوازی هونەرمەند سەفقان ئۆرکێشە.