ئەزرا مێلەر دوای ساڵێک دابڕان لە پێشاندانی نوێترین فیلمیدا دەردەکەوێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئەزرا مێلەر، ئەکتەری ئەمریکی لە پێشاندانی نوێترین فیلمی لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا ئامادەبوو، ئەمەش ئامادەکارییەکە بۆ پێشاندانی ئەم بەرهەمە لە سینەماکانی ئەمریکا و جیهاندا.
 
فیلمەکە بەناوی 'The Flash'یە و لە دەرهێنانی ئەندی موسکیتییە و و جگە لە ئەزرا مێلەر، هەریەک لە بێن ئافلێک و مایکل کیتۆن رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن.
 
لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکەدا، بێن ئافلێک لەگەڵ هاوژینەکەی جێنیفەر لۆپێز، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی ئامادەبوو.
 
ئەمە یەکەم دەرکەوتنی مێلەرە لە دوای ئەوەی لە هاوینی رابردوو، بە هۆی رەفتاری ناڕێکەوە خرایە ژێر چارەسەری دەروونییەوە.
 
ئەزرا مێلەر، ئەکتەر لە کاتی پێشاندانی فیلمەکەی رایگەیاند: "ئەوە شانازییەکی گەورەیە و خۆشییەکی گەورەیە و شتێکی لەڕادەبەدەر ورووژێنەرە. بەڕاستی ئەوە ساتێکی جوانە بۆ من. زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە هەمووان ببینم و ساتێکیان هەبێت بۆ ئاهەنگگێڕان لەبارەی فیلمەکەوە".
 
ئەو ئەکتەرە پێشتر بە تاوانی دزیکردن لە شاری ستامفۆرد تۆمەتبارکرابوو، هەروەها دووجار لە هاوایی، بە تۆمەتی دەستدرێژی پلە دوو و بەهۆی هەڵسوکەوتی ناڕێک دەستگیرکرابوو.