ئەستێرەی 'Breaking Bad' درێژە بە وێنەگرتنی نوێترین فیلمی نادات
رووداو دیجیتاڵ
براین کرنستن، ئەکتەری ئەمریکی کە پێشتر لە زنجیرەی "Breaking Bad" رۆڵیگێڕاوە، رایگەیاند، ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ تەواوکردنی وێنەگرتنی فیلمی نوێی "Lone Wolf" و بەشداری لە بانگەشەکردنیشیدا ناکات، تاوەکو ئەو کاتەی تەواوی کرێ و پارەی کاست و ستافی فیلمەکە دەدرێت.
بەرهەمهێنانی فیلمەکە چەند مانگێکە بەهۆی کێشەی داراییەوە وەستاوە، کە بە نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار کورتهێنانی هەیە. بەهۆی ئەمەوە، کرێی هەفتەی کۆتایی کارکردنی ستاف و هەندێک لە ئەکتەرەکان نەدراوە.
لە پەیامێکدا، کرنستن کە خۆی پارەی کارەکانی وەرگرتووە، رایگەیاند: "زۆر نیگەرانم کە ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەم هەموو ناخۆشی و بێمتمانەییە."
جەختیشی کردەوە: "نە من و نە ئەکتەری سەرەکیی دیکەی فیلمەکە، لیلی گلادستن، ناگەڕێینەوە سەر کار و هیچ بانگەشەیەک بۆ فیلمەکە ناکەین تاوەکو هەموو کەسێک پارەکەی بە تەواوی وەردەگرێتەوە. بەڕاستی دۆخێکی شێواوە."
فیلمی "Lone Wolf" لە دەرهێنانی مارک پێلینگتۆنە و چیرۆکێکی هەواڵگریی ئاڵۆز دەگێڕێتەوە. لە فیلمەکەدا، لیلی گلادستن رۆڵی سەربازێکی دێرین دەبینێت کە لەلایەن کارەکتەرەکەی کرانستنەوە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی بەکاردەهێنرێت.