هێژا نەتورک بەرهەمێک بۆ کوردستان بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هێژا نەتورک، هونەرمەندی باکووری کوردستان، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'سۆبە' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
هێژا نەتورک، بە رووداوی راگەیاند، 'سۆبە' نوێترین بەرهەمیەتی و بۆ کوردستان بەرهەمی هێناوە، لە تێکستی رۆشەنگ رۆژبیرە و لە ئاوازی خۆیەتی و ڤیدیۆکلیپەکەی لە دەرهێنانی ئەڤریم کایایە.
ئەم بەرهەمە یەکێک لە تراکەکانی نوێترین ئەلبوومی ئەو هەنەرمەندە کوردەیە بەناوی 'پستەپستەک بلند' کە لە سەرەتای ئابی ئەمساڵدا لە سەرجەم پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بڵاوکرایەوە.
ئاوازی گۆرانییەکانی ئەلبوومەکە لەلایەن هێژە نەترک ئامادەکراون و تێکستی بۆ سێ گۆرانی نووسیوە و تێکستی گۆرانییەکان دیکەش، شیعری هاوچەرخی کوردین، ئەویش شیعری رۆشەنگ رۆژبیر، گولیزەر، شوکری شەهباز و شێرکۆ بێکەس.
ئەم بەرهەمە بە پاڵپشتی سندوقی میوزیکی ئەڵمانی (Initiative Musik) بەرهەمهاتووە و یەکەمجار ئەلبووم بۆ هونەرمەندێکی کورد بەرهەمدێنێت و کۆمپانیای رید میوزیک دیجیتاڵ لە هامبۆرگی ئەڵمانیا، ئەرکی دابەشکردنی لە ئەستۆ گرتووە.
هێژا نەتورک، خەڵکی ماردینی باکووری کوردستانە، ئێستا لە هامبۆرگی ئەڵمانیا دەژی، لە زانکۆی بۆغازیچی ئەدەبی ئینگلیزی خوێندووە، لەو کاتەدا بۆ ماوەی سێ ساڵ لە یانەی فۆلکلۆری بۆغاخچی وانەی گۆرانی و میوزیکی خوێندووە، ئەو هونەرمەندە میوزیک و دەنگی فۆلکلۆری کوردیی خوێندووە و گۆرانی و چیرۆکی کوردی کۆکردووەتەوە، لە هەمانکاتدا کاری لەسەر ئەدەبی کوردی کردووە.
پاشان وەک نووسەر و میوزسیان خۆی ناساندووە، دوای وەرگرتنی بڕوانامەی ماستەر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا لە نیویۆرک، کاتێک ئامادەکاری بۆ چوون بۆ ئەمریکا دەکرد، بە هۆکاری سیاسی لە تورکیا دەستگیرکرا.
نەتورک، لە زیندان فێری ژەنینی گیتار بووە و ئاوازی داناوە، دوای ئازادکردنی لە زیندان روو لە ئەڵمانیا دەکات و یەکەم ئەلبوومی بەناوی 'سترانێن نەشووشتی' لە 2020 بڵاوکردەوە، لە 2021 مۆڵەتی هونەری لە وەزارەتی رۆشنبیری هامبۆرگ وەرگرتووە و لە ئەڵمانیا وەک ئەکتەر و گۆرانیبێژ ناسێندراوە، هەر لەو ساڵەدا دوێتێکی بەناوی 'Birds of Babylon' بڵاوکردووەتەوە و یەکەم گۆرانی تایبەت بە خۆی بەناوی 'Boomerang Refugee' بە سێ زمان بڵاوکردووەتەوە.
ئەو هونەرمەندە کوردە تاوەکو ئێستا چەندین کۆنسێرتی لە شارەکانی ئەڵمانیا و سویسرا سازکردووە، جگە لە میوزیک و گۆرانی لە هونەری سینەما و شانۆشدا کاردەکات و چالاکی هەیە، بەم دواییە وەک دەرهێنەری میوزیکی کاری بۆ شانۆگەری 'Lichthof Theater' کردووە.