ئەکتەری (Lord of the Rings) بووە سەرۆکی سەندیکای ئەکتەرانی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای ئەکتەران و پیشەوەرانی میدیایی ئەمریکا (SAG-AFTRA) کە نوێنەرایەتیی دەیان هەزار ئەکتەر و هونەرمەند دەکات، سەرۆکێکی نوێی هەڵبژارد.
شۆن ئاستن، ئەکتەری ناسراوی فیلمەکانی (Rudy) و (The Lord of the Rings)، وەک سەرۆکی نوێی سەندیکاکە هەڵبژێردرا و شوێنی فران درێشەر دەگرێتەوە.
لە هەڵبژاردنەکەدا کە رۆژی هەینی 12ـی ئەیلوولی 2025 بەڕێوەچوو، شۆن ئاستن بە رێژەی 79٪ـی دەنگەکان بەرامبەر 21٪، لە رکابەرەکەی، چەک سلاڤینی، بردەوە. هاوکات میشێل هێرد، وەک سکرتێر و بەڕێوەبەری دارایی هەڵبژێردرا.
ئاستن کوڕی پاتی دیوک، خانمە ئەکتەری کۆچکردوو و براوەی خەڵاتی ئۆسکارە، ئەویش لە نێوان ساڵانی 1985 بۆ 1988 سەرۆکی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە بووە، یەکێک بوو لەو دوو رێکخراوەی دواتر یەکیانگرت و (SAG-AFTRA)ـیان پێکهێنا.
سەندیکاکە نوێنەرایەتیی نزیکەی 160 هەزار ئەکتەر، پێشکێشکار، رۆژنامەڤانی بواری پەخش، سەماکار و پیشەوەری دیکەی میدیایی دەکات.