بەرگریی ئەحمەد سەقا لە محەممەد سەڵاح بووە مایەی گاڵتەجاری
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی میسر و جیهانی عەرەبی بە ڤیدیۆیەکی ئەحمەد سەقا، ئەستێرەی سینەمای میسری تەقییەوە. بابەتەکە پەیوەندی بە بەرگریکردن بوو لە محەممەد سەڵاح لەو کێشەیەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول هەیەتی، بەڵام شێوازی بەرگرییەکە بووە جێگەی گاڵتە و تەنزێکی زۆر.
چی روویدا؟
دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان محەممەد سەڵاح، یاریزانی میسری و ئارنی سلۆت، راهێنەری لیڤەرپوول ئاڵۆز بوو و سەڵاح لە پێکهاتەی سەرەکی دوورخرایەوە، ئەحمەد سەقا هاتە دەنگ.
سەقا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا بە زمانی ئینگلیزی پەیامێکی ئاراستەی کارگێڕی لیڤەرپوول کرد. لە پەیامەکەدا گوتی: "ئەگەر سەڵاح لە هەشت ساڵی رابردوودا یاریی بۆ ئێوە نەکردایە، ئایا دەتانەوانی ئەو هەموو نازناوە ببەنەوە؟ باوەڕ ناکەم".
هەروەها ڤیدیۆیەکی دیکەی بە عەرەبی بڵاوکردەوە و گوتی: "سەڵاح تۆ چیای، با ناتهەژێنێت، ئێمە هیوای گەورەمان لەسەر تۆیە بۆ جامی نەتەوەکانی ئەفریقا و مۆندیال".
بۆچی خەڵک گاڵتەیان پێی کرد؟
سەرباری ئەوەی مەبەستی سەقا پشتیوانی بوو، بەڵام میسرییەکان و بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی، بە شەپۆلێک لە تەنز و کۆمێنت وەڵامیان دایەوە، هۆکارەکانیش ئەمانە بوون:
سەقا لە ڤیدیۆ ئینگلیزییەکەدا محەممەد سەڵاحی بە "کۆچ - Coach" واتە راهێنەر ناوبرد. هەرچەندە سەقا دواتر گوتی مەبەستی ئەوە بووە کە سەرکردەیە لە یاریگادا، بەڵام خەڵک گاڵتەیان بەوە کرد کە سەلاح یاریزانە نەک راهێنەر.
بەشێک لە بەکارهێنەران دەیانوت سەقا وایزانیوە ئەمە فیلمی سینەماییە و دەتوانێت وەک پاڵەوانێک بچێتە ناو یانەی لیڤەرپوول و کێشەکە چارەسەر بکات. هەندێک وێنەی فیلمەکانی ئەویان داناوە و نووسیویانە: "کارگێڕیی لیڤەرپوول کە ڤیدیۆکەی سەقا دەبینن دەترسن".
شێوازی قسەکردنە ئینگلیزییەکەی بووە جێگەی سەرنج و هەندێک بە شێوازێکی کۆمیدی لاساییان دەکردەوە.
سڕینەوەی ڤیدیۆکە
تەنیا دوای نزیکەی 55 خولەک، ڤیدیۆ ئینگلیزییەکە لە پەڕەی سەقا سڕایەوە. خەڵک دەڵێن، بەهۆی ئەو هەموو رەخنە و گاڵتەپێکردنەوە سەقا خۆی ڤیدیۆکەی سڕیوەتەوە، چونکە پێشتریش چەند جارێک پۆستی کردووە، وەک بابەتی جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی یان پۆستێکی ئایینی، دواتر سڕیویەتەوە و گوتیویەتی "ئەدمینی پەیجەکەم کردوویەتی یان هاک کراوم".
ئەحمەد سەقا دەڵێت: "من نەم سڕیوەتەوە، خۆم سەرم سوڕماوە کە لابراوە، دیارە چوومەتە ناوچەیەک کە هی من نییە، بەڵام وشەی "Coach"ـم بە مەبەست بەکارهێناوە و لای ئەوان یاریزانی گەورە وەک راهێنەر وایە".
سەقا دڵگران بوو بەوەی لە کۆمێنتەکاندا سووکایەتی بە خۆی و خێزانەکەی کراوە و گوتی: "پێویستە ئێمە زیاتر رێز لە یەکتر بگرین و کۆمەڵگە پارچە پارچە نەکەین".
پێگەی ئەحمەد سەقا لە سینەمای میسری دا؟
ئەحمەد سەقا بە ئەستێرەی یەکەمی فیلمە ئەکشنەکان لە سینەمای میسری دەناسرێت، لە فیلمەکانیدا بەردەوام رۆڵی پیاوی ئازا دەگێڕێت، خەڵکی میسر خۆشیان دەوێت بەڵام راهاتوون لەسەر ئەوەی کە سەقا زۆرجار بە سادەیی رەفتار دەکات، کە هەندێکجار دەبێتە هۆی ئەوەی بکەوێتە هەڵوێستی شەرمەزارکەرەوە.
لەو رووداوەدا، خەڵک وەک درێژکراوەی کەسایەتییە سینەماییەکەی کە دەیەوێت هەموو شتێک بە هێز و پەیامی ئاگرین چارەسەر بکات؛ تەماشای ڤیدیۆکەیان کرد، بۆیە بووە ترێندە.