جۆرجیۆ ئارمانی لە تەمەنی 88 ساڵیدا نوێترین دیزاینەکانی دەخاتەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
جۆرجیۆ ئارمانی، دیزاینەری ئیتاڵی تەمەن 88 ساڵ، ماوەی چوار دەیەیە شوێنپەنجەی لە نەخشەی فاشن و جیهانی دیزاینی جلوبەرگدا هەیە، دوێنی شەممە، نوێترین دیزاینەکانی لە میلانۆی ئیتاڵیا نمایشکران.
کۆلێکشنی ئارمانی تایبەت بوو بە پیاوان و دیزاینەکانی لەلایەن ژمارەیەک نمایشکاری پیاو خرانەڕوو و ژمارەیەک لە کەسایەتی دیاری بواری فاشن و هۆگرانی ئەو هونەرە ئامادە بوون.
دیزاینەکان تایبەتبوون بە وەرزی زستان و رەنگی جیاواز بەکارهاتبوون، لەوانە رەنگی رەش، مۆر، شین، زەرد، سەوز و پەمەیی.
لە دیزاینەکاندا کڵاو بەکارهاتبوو کە هاوشێوەی کڵاوی کلاسیکی فرۆکەوانەکان بوو، جگە لە چەندین جۆری جانتا کە بەشێکیان جانتای دەست بوون و بەشێکیشان جانتای شانن.
ئەرمانی، لە کۆتاییدا لەسەر سەتەیج دەرکەوت و یەکێک لە جانتاکانی هەڵگرتەوە کە دیزاینەرەکان لە دوای نمایشی دیزاینەکانی لە دوای خۆیان جێیان هێشتبوو.
جۆرجیۆ ئارمانی، لە 11 تەممووزی 1934 لە ئیتاڵیا لە دایکبووە، سەرەتا بە کارکردن لە کۆمپانیای 'Cerruti' و دواتر بە کارکردن بۆ چەندین کۆمپانیای دیکە، ناوبانگێکی زۆری بۆیان بەدەستهێنا، لەوانە 'Allegri'، 'Bagutta' و 'Hilton'.
ئە ودیزاینەرە جیهانییە لە 1975 کۆمپانیایەکی بەناوی خۆی دامەزراند، دواتر چالاکییەکانی لە بواری میوزیک، وەرزش و هوتێلی گرانبەها فراونکرا و لە 2001 وەک سەرکەوتووترین دیزاینەری ئیتاڵیا ناسێندرا.
سامانی ئارمانی بەپێی 'Bloomberg Billionaires Index' لە 2021 بە نۆ ملیار و 53 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی خەملێندراوە.