تارا مامەدۆڤا لە نوێترین بەرهەمیدا پەیامێک ئاڕاستەی پیاوان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

تارا مامەدۆڤا، هونەرمەندی کورد، نوێترین بەرهەمی بەناوی 'سینۆ' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە، تێیدا پەیامێک ئاڕاستەی پیاوان دەکات.
 
ئەم بەرهەمە لە تێکست و ئاوازی تارا مامەدۆڤایە و کاری دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن مەحەممەد دادا و کاری میکس لەلایەن تیموچین ئاکسور و کاری ماسترینگی لەلایەن جەم بۆیۆکوزون کراوە.
 
کاری دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکە لەلایەن مەلۆدی تۆزوم کراوە و لە کەناڵی تایبەتی تارا مامەدۆڤا لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
تارا مامەدۆڤا، میوانی بووڵتەنی هونەری بوو کە بانوو دڵشاد پێشکێشی دەکات، لەبارەی ناوی ڤیدیۆکلیپەکەی گوتی: "سینۆ ئەو کارەکتەرەیە کە لە نێو ژیانی ئێمەدا هەیە و بە هەزاران ساڵە دەستی خستووەتە سەر ژیانمان، لە ماڵەوە، لە دەرەوە، لە کار، بەردەوام حاڵمان تێکدەدات و هێزمان لێدەستێنێت". 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ویستم ئەو دەردەی ئێمە بە زمانێکی شیرین و سادە باس بکەم". گوتیشی: "بۆ ماوەی یەک مانگ کاریان لەسەر ڤیدیۆکلیپەکە کردووە و خۆیان دیکۆڕی کلیپەکەیان دروستکردووە و لە ئیستەنبووڵ وێنەگیراوە".
 
تارا مامەدۆڤا، ئاشکرای کرد، ئێستا سەرقاڵی ڤیدیۆکلیپێکی نوێیە و بەناوی 'سپیندار'ـە و دیوی برینداری خۆی پێشاندەدات و چیرۆکێکی گەورەی لە پشتەوەیە. گوتیشی: "پلانی بۆ سازکردنی زنجیرە کۆنسێرتێک لە 2023 هەیە، یەکەم کۆنسێرتی لە کۆتایی شوباتی داهاتوو لە ئیستەنبووڵ دەبێت و لە مانگی ئایاری ئەمساڵیش لە باکووری کوردستان کۆنسێرت سازدەکات".
 
تارا مامەدۆڤا، لە 22ـی نیسانی 1983 لە ماڵباتێکی باکووری کوردستان لە کیرگستان لە دایکبووە و هەشت ساڵ لەو وڵاتە ژیاوە، دواتر رووی لە رووسیا کردووە و چوار ساڵ لەگەڵ ماڵباتەکەی لەوێ ماوەتەوە و لە فێرگەی دانس، شانۆ و میوزیک خوێندوویەتی. 
 
پاشان لەگەڵ ماڵباتەکەی روویان لە فەرەنسا کردووە و لە پاریس ماونەتەوە، ئێستا لە تورکیا ژیان بەسەر دەبات و خاوەنی دوو ئەلبوومی گۆرانییە بەناوەکانی 'ئاخ' و 'بەرهەڤکرن' جگە لە چەند گۆرانییەکی تاک و ڤیدیۆکلیپێک.