'Mind Clemency' لە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام خەڵاتکرا

رووداو دیجیتاڵ

کورتە فیلمی 'Mind Clemency' لە دەرهێنانی وارمان سەعید، لە دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاوی بەدەستهێنا.  
 
وارمان سەعید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، قادر جەلال لە رێگەی کورتە فیلمی 'Mind Clemency' توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستبێنێت و لەگەڵ ژمارەیەک ئەکتەری دیکە لە رکابەریدا بووە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە بەرھەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و بە ھاوکاری ساڤۆ پرۆدێکشن بەرھەمھاتووە، لە سلێمانی وێنەگیراوە و بەرهەمی 2022ـە. گوتیشی، 'Mind Clemency' دووەم بەرهەمیەتی لە دوای بەڵگەفیلمی 'TOUCH'.
 
ئەم بەرهەمە باس لە ژیانی دوو هاوژینی بە تەمەن دەکات، لە روداوێکی نادیاردا کوڕەکەیان دیار نامێنێت، ھیچ دەنگوباسێکی لەبارەیەوە نازانن، دایکی بەهۆی نەبوونەییەوە تووشی زەھایمەر دەبێت و باوکیشی سەرەڕای خزمەتی و خوشەویستی بو هاژژینەکەی، هەوڵ بۆ چاکبوونەوەی و باشترکردنی دەدات.
 
وارمان سەعید، لە 2011 لە رێگەی راگەیاندنەوە دەستی بە وێنەگرتن کردووە، لە 2015 چووەتە نێو دنیای سینەما، وەک یاریدەدری دەرھێنەر کاری بۆ چەندین فیلم کردووە، لە 2017 یەکەم بەرهەمی بەناوی 'TOUCH' لە دوای تەواوکردنی خوێندنی لە بەشی دەرهێنانی کولێژی ھونەرە جوانەکان لە زانکۆی سلێمانی بەرهەمهێناوە.
 
چالاکییەکانی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە ئەمستردام، بە پێشاندانی بەڵگەفیلمی درێژ 'دەروازەی خەونەکان'، ئێوارەی رۆژی هەینی 12ـی ئایاری 2023 لە ئەمستردامی هۆڵەندا دەستیپێکرد، جگە لە پێشاندانی فیلم، چەند پانێڵێک لەبارەی سینەما و فیلمە کوردییەکان لەخۆگرتبوو و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.