شەهیان تەحسین: رووداو یەكەمی بێ ركابەرە، بۆیە هەڵمبژارد

رووداو – هەولێر

سەرەتا بە پرۆگرامی منداڵان دەستیپێكرد، ئێستا لە (تۆڕی میدیایی رووداو) كار دەكات و پێشكەشكاری نوورۆژ و بێژەری هەواڵە سیاسییەكانە. لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جەماوەرێكی زۆری هەیە و وێنەكانی لایكباران دەكرێن. شەهیان تەحسین ئەندازیاریی شارستانی لە زانكۆی دهۆك تەواو كردووە، بەڵام خۆی لە كاری راگەیاندندا دۆزیوەتەوە. سەبارەت بەكاركردن لە تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت "رووداو یەكەمی بێ‌ ركابەرە بۆیە لە كۆتاییدا هەڵمبژارد".

رووداو: تۆ لە پرۆگرامی منداڵان دەستت بەكاری راگەیاندن كرد، ئێستاش بێژەری پرۆگرامی نوورۆژ و هەواڵە سیاسییەكانی، ئەم گۆڕانكارییە چۆن روویدا لە كاری راگەیاندنی تۆدا؟

شەهیان تەحسین: راستە تەمەنم تەنیا 11 ساڵ بوو كە دەستم بە پێشكەشكردنی پرۆگرامێكی منداڵان كرد لە كوردستان تیڤی و پرۆگرامەكەم بۆ ماوەی 6 ساڵ بەردەوام بوو. دواتر پرۆگرامی دیكەم پێشكەش كرد،  هەنگاو هەنگاو كارەكانم بەرەوپێش چوون.

رووداو: ئەو پرۆگرامانەی پێشكەشت كردوون كامانەن؟

شەهیان تەحسین: لەساڵی 2008 كە قوتابی زانكۆ بووم پڕۆگرامی تیك تاكم پێشكەش دەكرد لە كوردستان تیڤی. ساڵی 2014 لە كەناڵی وار تیڤی پرۆگرامی ریستارتم پێشكەش كرد كە پڕۆگرامێكی ئەندازیاری تایبەت بوو بە چارەسەركردنی كێشەكانی ئاوەدانی و ژینگە لە كوردستان، ئەمەیان ناوەڕۆكەكەی نزیك بوو لە بواری خۆم. بێژەری هەواڵە سیاسییەكانیش بووم، ئێستاش لە كەناڵی ئاسمانیی رووداو درێژە بە كارەكانم دەدەم، دەتوانم بڵێم لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنم كارەكانیشم گەورەبوون.

رووداو: بۆچی تۆڕی میدیایی رووداوت هەڵبژارد؟
شەهیان تەحسین
: چونكە رووداو یەكەمی بێ ركابەرە.

رووداو: خەونی تۆ وەك میدیاكارێك چییە؟
شەهیان تەحسین
: خەونی من ئەوەیە بتوانم گۆڕانكارییەكی ئەرێنی لە كۆمەڵگای كوردستان دروستبكەم.

رووداو: نێوانت لەگەڵ وەرزش چۆنە؟ وەرزش دەكەی؟
شەهیان تەحسین
: نێوانم خراپ نییە، بە لایەنیكەمەوە هەفتەی 3 رۆژ وەزرش دەكەم.

رووداو: هاندەری كام یانە و هەڵبژاردەی؟
شەهیان تەحسین
: هەمیشە هاندەری ئەو یانە و هەڵبژاردەیەم كە یارییەكە دەباتەوە.

رووداو: لە كاروباری نێو ماڵ چۆنی؟ دەتوانی خواردن دروست بكەیت؟
شەهیان تەحسین
: باشم، شارەزاییم لە دروستكردنی زۆربەی خواردنەكان هەیە.

رووداو: لە فەیسبووك ژمارەیەكی زۆر لایكت هەیە، هەمیشە وێنەكانیشت بۆچوونی زۆریان لەسەر دەنووسرێت، پەیوەندیت لەگەڵ هەوادارانت چۆنە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان؟
شەهیان تەحسین: رەنگە هەندێجار كەمتەرخەم بم لە وەڵامدانەوەی كۆمێنتەكان، بەڵام بەگشتی پەیوەندییەكی باشم لەگەڵ هاوڕێیانم هەیە. گرنگی بە بۆچوونەكانیان دەدەم.

رووداو: زۆر لاپەڕە و ئەكاونت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەناوی هونەرمەند و میدیاكارەكان دەكرێتەوە، تۆش ئەم كێشەیەت هەیە؟
شەهیان تەحسین
: من كەمتر لە ساڵێكە هاتوومەتە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لاپەڕەی تایبەتی خۆمم هەیە، كارەكان تاوەكو ئێستا زۆر بە رێكوپێكی رۆیشتوون و تووشی هیچ كێشەیەك نەبووم.

رووداو: تۆ لە رووداو وەك پێشكەشكاری نوورۆژ و بێژەری هەواڵە سیاسییەكان دەردەكەویت، لە كامیان زیاتر خۆت دەبینیتەوە؟
شەهیان تەحسین
: من ئەگەر لە كارێكدا خۆم نەبینمەوە بەهیچ جۆرێك ناتوانم بیكەم، بێگومان لە هەردوو كارەكەدا خۆم دەبینمەوە.

شەهیان تەحسین:

- لە ساڵی 1988 لە شاری دهۆك لەدایك بووە
- ساڵی 1999 بە پرۆگرامی منداڵان لە كوردستان تیڤی دەستی بەكاری میدیایی كردووە
- ساڵی 2011 كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی دهۆك تەواو كردووە
- ئێستا پێشكەشكار و بێژەرە لە كەناڵی رووداو