نووری گەرمیانی: سەیداوە لە ئەمریکا خۆشترە

رووداو- هەولێر

لە نووری گەرمیانی دەپرسن بۆچی ئێستا جەماوەرت كەم بووە و بەرهەمت نییە، ئەویش دەڵێت "كاكە گیان من لە نەوەتەكان دەگەی خۆم هاوێشت". ئەمە نوكتەیە، بەڵام زۆر لە راستیش دوور نییە، چونكە لە نەوەتەكانی سەدەی رابردوو، لە هەولێر كەم ئۆتۆمبێل  و ماڵ و باخەڵی گەنجان هەبوون، كاسێتێكی گۆرانییەكانی نووری گەرمیانیان تێدا نەبێت. 

رۆژانە فەرهاد زیرەك دەبینم

نووری گەرمیانی ئێستاش هەر بە هەمان ستایلی نەوەتەكان دەبینرێت، تەنكە ریشێك، جلێكی كوردی، تەسبیحێكی قەزوان. ئەو لە پاڵ كاری هونەری، كاسبیش دەكات، خاوەنی دووكانێكی سیدی فرۆشتنە، لەسەر پردی سەیداوە. لەسەر دیواری دووكانەكەی چەندین وێنەی خۆی هەڵواسیوون، كە لە ئاهەنگ و بۆنەكان لە نەوەتەكاندا گرتوونی. 

رووداو: دەمێكە بێدەنگی و بەرهەمت نییە بۆچی؟

نووری گەرمیانی: بێ‌ بەرهەم نیم، ئێستا گۆرانی و ئاوازی زۆر جوانم ئامادەیە، بەڵام ئەگەر لایەنێك هاوكاریم نەكات، بەتایبەتی وەزارەتی رۆشنبیری، چۆن دەتوانم ئەلبووم بڵاوبكەمەوە. گۆرانی تۆماركردنیش پارەی دەوێت، بۆ نموونە یەك گۆرانی لە هەولێر تۆمار بكەم هەزار دۆلاری تێدەچێت، كلیپكردنیش چوار هەزار دۆلاری بە لایەنیكەم دەوێت، ئەمەش لە توانای مندا نییە، دەنا بێدەنگ نەبووم.

رووداو: گۆرانی دوێتت نییە لەگەڵ كچان، بە نیازی دوێت نیت لەگەڵ گۆرانبێژی كچ؟

نووری گەرمیانی: تاوەكو ئێستا بیرم لێنەكردووەتەوە و كەسیش داوای لێنەكردووم، خۆشم زۆرباش بیرم لەو ستایلە نەكردووەتەوە.

رووداو: ئەی رات چییە لەسەر ئەو هونەرمەندانەی بە ستایلی پۆپ، رۆك و راپ گۆرانی دەڵێن، وەكو هێلی لەڤ و دەشنێ؟
قسەی من دوو شەقاو ناڕوات

نووری گەرمیانی: رەنگە خەڵك هەبێت گوێ لەم جۆرە ستایلانە بگرێت و بینەری بێت، بەڵام من لەگەڵ ئەو ستایلە نیم، زۆر دوورم لەو ستایلە، حەزیش ناكەم قەت لێی نزیك ببمەوە، لەبەر ئەوەی بەراستی زۆر دوورە لە كلتووری كوردەواری.

رووداو: باشە تۆ خەڵكی هەولێریت، بۆ پاشناوت (گەرمیانی)ە؟

نووری گەرمیانی: من لە دەوروبەری كەركووك و گەرمیان لە دایكبووم، چونكە باوكم لەوێ‌ سەرباز بووە. تاوەكو تەمەنی 9 ساڵی هەر لە ناوچەی گەرمیان بووم. دواتر گەڕاینەوە هەولێر، دەنا باوكم سارمەمییە و دایكیشم سیانە كە دوو عەشیرەتی دیاری هەولێرن. مەلا عوسمانی باوكم  و یوسفە شەلی مامم مەلا بوون. سەبارەت بە پاشناوەكەش ئەوە شەهید یوسف سەرسپی ئەو ناوەی بۆ هەڵبژاردم و بووە نازناوی من.

 رووداو: زۆر لە برادەرەكانت كە لە نەوەتەكان گۆرانیان دەگوت ئێستا لە دەرەوەن، بۆچی تۆش نەچوویتە دەرەوە؟

نووری گەرمیانی: من منداڵی سەیداوەم بێ سەیداوە لە هیچ شوێنێك ناحەوێمەوە، چەندین وڵاتم كردووە، بەڵام هەر سەیداوەم خۆش دەوێت و ناتوانم دەستبەرداری بم، ئێستا من فیزای ئەمریكام هەیە دەتوانم هەتا ساڵێكی دیكەش لە ئەمریكا بم و نوێشی بكەمەوە، زۆر برادەریش داوایان لیكردووم بچمە دەرەوە بژیم، بەڵام من قەت بیرم لە رۆیشتنی یەكجارەكی كوردستان نەكردووەتەوە.

رووداو: بە زۆری لەگەڵ عارەب عوسمان دەبینرێیت، بۆچی؟
حەز ناكەم لە راپ و پۆپ نزیك ببمەوە

نووری گەرمیانی: لە مێژە لەگەڵ عارەب تێكەڵین و برادەرایەتیمان زۆر بەهێزە، لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی بەرێزتان نەڵێم عارەب كوڕێكی چاكە و مرۆڤێكی باشە، پاشان دەنگێكی خۆشی هەیە، رەسەنایەتی پێوە دیارە، تەقلیدی نییە، منیش زیاتر حەزم لە شتە رەسەنەكانە. رێزیشم هەیە بۆ برادەران و گۆرانیبێژەكانی دیكەش ئەوانیش دەنگیان خۆشە. پاش عارەبیش كاك جەلال سەعیدی رەحمەتی برادەرێكی زۆر نزیكی من بوو، دەزانی چییە خۆی دەبینی لە ماڵی پێنج برانە، بەڵام لەگەڵ یەكێك تەنسیقت زۆرخۆشە ئەوەش ئاوایە.

رووداو: بەڵام هاوڕێیەكی نزیكی زەكەریا عەبدوڵڵا و زیاد ئەسعەدیش بوویت، پەیوەندیتان ماوە؟

نووری گەرمیانی: زۆر لە مێژە زەكەریام نەبینیووە، چەند ساڵێك پێش ئێستا كە لە ئەوروپا هاتەوە یەكدیمان بینی، لەو كاتەوە دەرفەت نەبووە یەكدی ببینین، بەڵام سێ مانگ پێش ئێستا لە رێگای تەلەفۆن قسەمان كرد. زیاد ئەسعەدیش برادەرم بووە و خۆشەویست بووە لەلام، بەڵام لەوەتەی رۆیشتووە ئاگام لێ نەماوە. نەوەك من، زۆربەی برادەرەكانی دیكەش نەیانبینیووە، لە سوید بووم حەزم دەكرد بیبینم، بەڵام هیچ ناونیشانێكی نەبوو، منیش بەرنامەی خۆم هەبوو نەمتوانی زۆر بەدوای بگەڕێم، دەنا زۆر حەزم دەكرد بیبینم، چونكە زیاد ئەسعەد برادەرێكی زۆر نزیكی من و جەلال سەعید بوو.

رووداو: ئەی ئاگات لە فەرهاد زیرەكە؟
ستایلی هێلی لەڤم بە دڵ نییە

نووری گەرمیانی: رۆژانە فەرهاد زیرەك دێتە لای من، یان من دەچمە لای ئەوە، بەڵام ئەو زوو زوو دێتە دوكانەكەم و دادەنیشین قسە دەكەین، یان لەگازینۆیان یەكدی دەبینین، لەگەڵ كاك فەرهاد زیرەك دەیان حەفلەمان پێكەوە كردووە و چەندین سیدیمان بەیەكەوە هەیە.

رووداو: ساڵانە چەندین هونەرمەندی بیانی بەشداری فێستڤاڵە هونەرییەكانی كوردستان دەكەن، بەڵام تۆ بەشداری ناكەیت بۆ؟

نووری گەرمیانی: دەیان جار داوامان كردووە و دەنگی ناڕەزایی خۆمان دەربڕیوە، بەڵام گوێمان لێ ناگرن، كێ هەیە گوێت بۆ رابگرێت، دوو شەقاو قسەمان ناڕوات، من بە حكومی ئەوەی زۆربەی جیهان گەڕاوم لەوێ تەنیا گوێ  هونەرمەندان رادەگیرێت، بەڵام لێرە بەمشێوەیە نییە، لە جیاتی كوڕی شارەكەی خۆی بباتە كۆنسێرت، دەچێت كەسێك دێنێت كە بەس بۆ خۆ نمایشكردن كۆنسێرت دەكات، بۆ ئەوەی خەڵك لەش و لاری ببینێت، هیچ هونەرێكی جوانی پێ نییە، ئەمەش شتێكی خراپە.