لە نۆرمبێرگ 'ماسییەکانی دیجلە'ـی حەمە هاشم خرانەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
لە نۆرمبێرگی ئەڵمانیا، حەمە ھاشم، ھونەرمەمدی شێوەکاری کورد، پێشانگایەکی تایبەت بە کارە ھونەرییەکانی کردەوە، تێیدا 20 کاری هونەری خرانەڕوو.
حەمە هاشم، بە رووداوی راگەیاند، پێشانگەکە بەناونیشانی 'ماسییەکانی دیجلە'یە و سەرجەم تابلۆکانی خراونەتەڕوو بە شێوازی ئەبستراکتی دەربڕینخواز بەرھەمھاتوون.
ئەو هونەرمەندە لەبارەی تێڕوانینی بۆ ناونانی پێشانگەکە، گوتی، بینەر زیاتر لەو دەربڕینانەی کە مەبەستێتی نزیک دەکاتەوە و بینەر خۆی شیکردنەوەی بۆ بکات، لە کاتێکدا ھەر تابلۆیەی چیرۆک و گوزارشتی تایبەت بەخۆی ھەیە.
حەمە هاشم، روونیکردەوە، تێکڕای بابەتی تابلۆکان بە رووداو و بەسەرھات و چیرۆکە تاڵەکانی کورد لە ناوچەی میزۆپۆتامیا گرێدراوون، ھەربۆیەش ماسییەکانی دیجلە وەک دەروازەیەک بۆ نزیکبوونەوەی بینەر لە رووداوەکان دەھێنێتە پێشەوە.
کارە ھونەرییەکان بە بۆیەی ئەکریلیل لەسەر کانڤاس بەرھەمھاتوون، جگە لە ھەندێ بەرھەمی دیکە کە بە کەرەستەی جۆراوجۆر لەسەر کۆفێی پێیپەر درووستکراون.
پێشانگاکە دوێنی یەکەمشەممە 14-8-2023 لە ھۆڵی ناوەندی کوولتووری پێکەوەژیانی کورد و ئەڵمان لە نۆرمبێرگ کرایەوە و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
حەمە هاشم، خاوەن دەیان پێشانگەی تایبەت و هاوبەشە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، جگە لە وێنەکێشان، خاوەنی چەند کتێبێکە لە بواری هونەری شێوەکاری.