جەلیل زەنگەنە درامایەکی رۆمانسی بەرهەمدێنێ

رووداو - هەولێر

دەرهێنەری بەناوبانگی کورد جەلیل زەنگەنە رایگەیاند، کە بەهۆی نەخۆشییەوە ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە لە ماڵ نەچووەتە دەرەوە و لەگەڵ ئەوەش سینیاریۆی زنجیرە درامەیاکەی نوێی رۆمانسی ئامادەکردووە، لە مانگی داهاتووشدا دەست بەکارەکانی دەکات.

جەلیل زەنگەنە کە ئێستا لە ماڵەوە کەوتووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" ئەگەرچی لە جاران باشترم، بەڵام ئێستاش باری تەندروستیم بەپێی پێویست جێگیر نییەو زیاتر لە ٨ مانگە لە ماڵ نەچوومەتە دەرەوە".

زەنگەنە زیاتر دەڵێت:" لە ماوەی رابردوودا لە وڵاتی ئێران نەشتەرگەری گۆڕینی زمانەی دڵم ئەنجامدا، دوای ئەوەش ئیلتیهابی کردووە و هەر بەم هۆیەوەش لە ناوەڕاستی ساڵی رابردووەوە نەمتوانیوە لە ماڵ بچمە دەرەوە".

سەبارەت بەنەخۆشییەکەی و هاوکاریکردنی، زەنگەنە دەڵێت، نامەوێ بیشارمەوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەم هاوکاری کراوم، بەڵام نامەوێ ئێستا ناوی کەس بێنم جگە لە سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی هاوکاریان کردم.

زەنگەنە لە بارەی گەردەلوول و بەرهەمهێنانی بەشی چوارەمی دەڵێت "بەشێک لە پلانی سینیاریۆکەم نووسیوەتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستیم ناتوانم جێبەجێی بکەم و بیخەمە بواری وێنەگرتنەوە".

دەشڵێت " کارکردن لە زنجیرەدرامای گەردەلوول زۆر قورسە، هەر بۆیە کاتێک بەشی یەکەمم تەواو کرد تووشی نەخۆشی دڵ بووم، لە کاتی تەواوکردنی بەشی دووەم توشی نەشتەرگەری دڵ بووم، ئەوە بوو لە کاتی تەواوکردنی بەشی سێیەمی بەتەواوەتی خستمی و ماوەی زیاتر لە 8 مانگە لە ماڵ نەچوومەتە دەرەوەو لە جێگەدا کەوتووم" بەپێی گوتەی زەنگەنە.

لە بارەی بەرهەمهێنانی درامای دیکە، زەنگەنە دەڵێت "سینیاریۆی زنجیرە درامایەکی رۆمانسی سەردەمیانەم ئامادەیەو 25 ئەلقە دەبێت، لە مانگی داهاتوو دەست دەکەم بە کاری وێنەگرتنی و ئێستا بەدوای ئەکتەری سەرەکی دراماکە دەگەڕێم ، بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆم لەگەڵ چۆپی فەتاحی هونەرمەند کردووە".

زەنگەنە ناوەڕۆکی دراما رۆمانسییەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێت، باس لە پەیوەندی خۆشەویستی دوو هونەرمەندی میوزیکژەن دەکات و هەر بۆیەش سەرجەم ئەکتەرەکان لە بەشی میوزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکان یاخود کۆلێژی هونەرە جوانەکان هەڵدەبژێرم، ئەکتەرەکان تازەن و داواش دەکەم گەنجانی تازەی دەنگخۆش پەیوەندیم پێوە بکەن بۆ ئەوەی وەک ئەکتەری سەرەکی بەشداری لە دراماکەمدا بکەن، چونکە تا ئێستا کەسم هەڵنەبژاردووە.