ئەلند حازم گۆرانییەکی محەممەد شێخۆ نوێدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند ئەلند حازم، یەکێک لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی محەممەد شێخۆ، هونەرمەندی کۆچکردوو نوێدەکاتەوە و بە ڤیدیۆ بڵاویدەکاتەوە.
 
ئەلند حازم، ئەم بەرهەمەی بە دەنگی خۆی گوتووتەوە و دابەشکردنێکی نوێی میوزیکی بۆ کردووە و لە نێو ستۆدیۆدا بە ڤیدیۆ تۆماری کردووە و لە کەناڵی تایبەتی خۆیدا لە یوتیوب بڵاویکردووەتەوە.
 
لەسەر ڤیدیۆکە وێنەیەکی محەممەد شێخۆ، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان دانراوە.
 
دوایین بەرهەمی ئەلند حازم بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ، بەرهەمێک بوو لەگەڵ رۆمی هەرکی کە ئەویش بەرهەمێکی فۆلکلۆرە و لە 20-7-2021 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە شەش ملیۆن و 400 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
ئەلند حازم یەکێک لەو هونەرمەندە کوردانەیە کە ڤیدیۆکلیپەکانی بینەری زۆریان هەیە، کۆی ڤیدیۆ و بەرهەمەکانی لە یوتیوب زیاتر لە 92 ملیۆن و 651 هەزار بینەریان هەیە.
 
پڕبینەرترین ڤیدیۆکلیپی ئەلند حازم کە لە کەناڵەکەی لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە، بەناوی 'لاوکێ من'ـە، ئەویش بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ رۆمی هەرکی و زیاتر لە 30 ملیۆن و 154 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە و لە دوا رۆژی 2020 بڵاوکراوەتەوە.