'Mickey 17' لە دەرەوەی پێشبڕکێی بەرلینالە پێشاندرا
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی "Mickey 17" لە دەرهێنانی بۆنگ جۆن، بە ئامادەبوونی ستافی فیلمەکە، لە دەرەوەی پێشبڕکێی 75ـەمین فێستیڤاڵی نێودەڵەتیی فیلمی بەرلین پێشاندرا.
لەم بەرهەمەدا رۆبێرت پاتنسن، ئەکتەری بەریتانی رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، شەوی رابردوو 15ـی شوباتی 2025 لەگەڵ دەرهێنەری فیلم، بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕین.
بڕیارە فیلمەکە لە 7ـی ئاداری 2025 لە سینەماکای بەریتانیا و ئێرلەندا پێشانبدرێت و لە هەمان رۆژدا لە ئەمریکا پێشاندەدرێت.
فیلمەکە لە جۆری بەرهەمەکانی خەیاڵی زانستییە، تێیدا باس لە گەشتێکی ترسناک دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی هەسارەیەکی بەستوو.
رووداوە هونەرییەکە بە پێشاندانی فیلمی "Das Licht" لە دەرهێنانی تۆم تیکوێر، دەرهێنەری ئەڵمانی دەستیپێکرد، چیرۆکەکەی گرێدراوی مژاری کۆچبەرییە لە ئەڵمانیا، باس لە ژنە پەنابەرێکی سووریایی دەکات لە ئەڵمانیا کە کار بۆ خێزانێکی ئەڵمانی دەکات و ئەو خێزانە لە هەڵوەشانەوە رزگار دەکات.
فیلمەکە بە زمانی ئەڵمانییە و دەرهێنەری فیلمەکە پێشتر رایگەیاندبوو، فیلمێکی سیاسییە و پێشاندانی لەگەڵ هەڵبژاردنی گشتیی ئەڵمانیا لە 21ـی شوباتی 2025 دەستپێدەکات.
لە فێستیڤاڵەکەدا 19 فیلم لە بەشی کێبڕکێی سەرەکیدان و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵاتی ورچی زێڕین و زیوین دەکەن. تۆد هاینز، دەرهێنەری ئەمریکی سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەریی ئەو بەشە دەکات.
75ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە بە بەرلینالە دەناسرێت، لە 13ـی شوباتی 2025 لە بەرلینی ئەڵمانیا دەستیپێکرد و تاوەکو 23 هەمان مانگ بەردەوام دەبێت.