داوای راگرتنی دراما نوێیەکەی عادل ئیمام دەکرێت

رووداو – قاهیرە

سکاڵایەکی یاسایی لە دژی عادل ئیمام، ئەستێرەی کۆمیدی میسری تۆماردەکرێت و تێیدا پارێزەرێک داوای راگرتنی زنجیرە دراما نوێکەی عادل ئیمام دەکات بەناوی "ئوستاز و سەرۆکی بەش"، کە بڕیارە لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ پەخشبکرێت.

ئاژانسەکانی هەواڵی میسری بڵاویانکردووەتەوە، کە مەحموود مەعروف، پارێزەری میسری لە دادگای کارە بەپەلەکان لەو وڵاتە، سکاڵای لە دژی عادل ئیمام تۆمارکردووە و تێیدا داوادەکات رێگە بە پەخشکردنی زنجیرە دراما نوێیەکەی عادل ئیمام نەدرێت، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی سیناریۆ و بیرۆکەی نووسەر "زەکی ئیبراهیم سەید".

پارێزەرەکە ئەم سکاڵانامەیەی بۆ هەریەکە لە سەرۆکی یەکێتی کەناڵ، تەلەڤزیۆنەکانی میسر، نوێنەری یاسایی کۆمپانیای سێنەرجی بۆ بەرهەمهێنانی هونەری، سەرۆکی کارگێڕی کۆمپانیای میسری بۆ مانگە دەستکردەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی شاری بەرهەمهێنانی میدیایی کردووە، بۆ راگرتنی ئەم درامایە.

ئەم پارێزەرە دەڵێت " موەکیلەکەم کە زەکی ئیبراهیم سەید-ە، تووشی شۆک بووە کاتێک رێکلامی ئەم درامایەی لە کەناڵە ئاسمانییەکان بینیووە و زانیویەتی کە هەمان سیناریۆ و چیرۆکە، کە ئەو بەرهەمیهێناوە و لە کتێبخانەی کتێب و بەڵگەنامەی قەومی تۆماریکردووە، هەر بۆیە ئێمە داوای پاراستنی مافی نووسەر و خاوەن بیرۆکەکە دەکەین، چونکە لەم درامایەدا دەگوترێت کە سیناریۆکە هی کەسێکی دیکەیە".

هەوادارێکی زۆر لە تەواوی وڵاتە عەرەبییەکان چاوەڕوانی پەخشی ئەم زنجیرە درامایەی عادل ئیمام دەکەن، ئەگەر بەرهەمهێنەری دراماکە ئەم تۆمەتەی بەسەر ساخبێتەوە، ئەگەری هەیە پەخشی دراماکە رابگیرێت، یاخود تەواوی داهاتی دراماکە وەک قەرەبوو بدرێتە زەکی ئیبراهیم، کۆتا بڕیاریش دادوەری دادگای کارە بەپەلەکان لە میسر یەکلاییدەکاتەوە.