لە سلێمانی بەڵگەفیلمی 'منداڵیی عیماد' پێشاندەدرێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڵگەفیلمی 'منداڵیی عیماد' لە دەرهێنانی زەهاوی سنجاوی، دەرهێنەری کورد، لە سینەما سالم لە سلێمانی پێشاندەدرێت و هاتن بۆ هەمووانە.
 
بڕیارە ئەم بەرهەمە، کاژێر 17:00ـی رۆژی شەممە 18-6-2022، پێشانبدرێت و دواتر بە ئامادەبوونی دەرهێنەری فیلم، گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر فیلمەکە دەکرێت.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ ژمارەیەک کەناڵ و دەزگای سوێد و ئەوروپا لە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمەدا بەشداربووە، تاوەکو ئێستا لە چەندین فیستیڤاڵدا بەشداربووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە و لە 2020-2021 خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی سوێدی وەرگرتووە و بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا لە چەندین فیستیڤاڵی فیلمدا بەشدار بێت و بەم نزیکانە لە رووداو بڵاودەکرێتەوە.

 

ئەم بەرهەمە لە 2016 تاوەکو 2017 وێنەگیراوە و دەرهێنەری فیلم بۆ ماوەی یەکە ساڵ بە بەردەوام سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلم بووە و پۆست برۆدەکشنەکەی ماوەی سێ ساڵی خایاندووە.
 
ماوەی فیلمەکە 78 خولەکە و بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبییە، باس لە منداڵێکی کوردی ئێزدی دەکات کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و نێو لە نێو داعشدا ژیاوە، ئەو لەسەر توندوتیژی راهێنراوە، لە دوای گەڕانەوەی دەبێتە کەسێکی شەڕانگێز و هەست دەکات یەکێک لە چەکدارانی داعشە و رقی لە دایکیەتی.
 
ئەم بەرهەمە لە چوارەمین فیستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی مافی مرۆڤی بەرلین بەشداربوو و دوو نمایشی بۆ کرا کە چالاکییەکانی بەناونیشانی 'هونەری گۆڕانکاری' لە رۆژانی 16-25 ئەیلوولی 2021 لە بەرلینی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچوو و نزیکەی 40 بەڵگەفیلم تێیدا نمایشدەکرێن.
 
زەهاوی سنجاوی، لە  هەولێر لە دایکبووە، لە 1975ـەوە لەگەڵ ماڵباتەکەیان پەنابەری ئێران بووە، لەو وڵاتە خوێندنی قوتابخانەی تەواوکردوە، دوای نزیکەی سێ ساڵ پێشمەرگایەتی چووەتە رووسیا بۆ خوێندنی سینەما، هەشت ساڵ لە بواری نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان خوێندوویەتی، 25 ساڵە وەک دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر لە بواری سینەما کار دەکات، خاوەنی کۆمەڵێک کورتەفیلم و فیلمی درێژ ی درامی و دیکۆمێنتاریە، لەوانە 'سنوور'، 'دایکانی من' به هاوبەشیی لەگەڵ ئیبراهیم سەعیدی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، 'گەڕانەوە'، 'گەڕان بە دوای باوک'، 'منداڵیی عیماد' و 'پێکەوە ژیان' چەند بەرهەمێکی دیکە.