کتێبێک لەبارەی شێوەکار قەرەنی جەمیل و بەرهەمەکانی بڵاودەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
قەرەنی جەمیل ناوێکی دیاری هونەری شێوەکاریی کوردستانە، دوای ماڵئاواییکردنی لە ژیان، کتێبێک لەبارەی خۆی و هونەرەکەی لەلایەن نووسەر باهۆز مستەفا ئامادەکراوە، بڕیارە لە رێوڕەسمێکدا بۆ یادکردنەوەی ئەو هونەرمەندە بڵاوبکرێتەوە.
کتێبەکە بەناوی "قەرەنی جەمیل"ـە و کۆمەڵێک هەڤپەیڤین، گوتار، تابلۆ و وێنەی شێوەکار لەخۆدەگرێت، ژمارەیەک نووسەر، ئەکادیمیست و هونەرمەند تێیدا بەشداربوونە.
باهۆز مستەفا، ئامادەکاری کتێبەکە، لەبارەی ناوەڕۆک و بیرۆکەی کارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بیرۆکەی کتێبەکە لە بنەڕەتدا هەڤپەیڤینێکی هونەریی درێژ بوو لەنێوان من و مامۆستا قەرەنی جەمیل لەبارەی تیۆر و قۆناغە هونەرییەکان و داهێنان، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە، داوایکرد کارەکە بوەستێنین تا تەندروستیی باشتر دەبێتەوە". گوتیشی: "بەداخەوە، مەرگ مەودای نەدا گفتوگۆکەمان تەواو بکەین."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کتێبەکە لەسەر ئەرکی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر چاپ کراوە.
قەرەنی جەمیل، ساڵی 1954 لە هەولێر لەدایکبووە، لە 1977 بڕوانامەی دیبلۆمی لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بەدەستهێناوە. ساڵی 1984 کۆرسی یەک ساڵەی لیتۆگرافی لە ئیسپانیا تەواوکردووە. یەکەمین پێشانگەی تایبەتیی لە 1977 لە هۆڵی قوتابخانەی ئەیوبیەی هەولێر کردووەتەوە. بەشداریی لە دەیان پێشانگەی هاوبەشدا لە بەغدا، هەولێر، بارسێلۆنا، ڤالێنسیا، بڕۆکسل، کۆپنهاگن و چەند شارێکی دیکەی وڵاتانی جیهاندا کردووە.
قەرەنی جەمیل، دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا، رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2025، لە نەخۆشخانەیەکەی هەولێر کۆچی دواییکرد.