دیزاینەرێکی هیندی چیرۆکی ژنانی پێشەنگی وڵاتەکەی لە نیویۆرک دەگێڕێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

بیبهو مۆهاپاترا، دیزاینەری جلوبەرگی هیندی، نوێترین کۆمەڵە دیزاینی جلوبەرگی ئامادەکراوی بۆ بەهارى 2026 نمایشکرد کە ئیلهامی لە ژنانی پێشەنگ و رێچکەشکێنی نیشتمانەکەی هیندستان وەرگرتووە، تێکەڵەیەکە لەنێوان کەلەپوور و مۆدێرنێتەیە.
 
مۆهاپاترا رۆژی دووشەممە 16ـی ئەیلوول 2025، لە چوارچێوەی هەفتەی نمایشی جلوبەرگی نیویۆرک و پێش دەستپێکردنی نمایشەکە، رایگەیاند: "ئێستا و لەڕێگەی ئەم کۆمەڵە دیزاینە، پردێک لەنێوان سەدەی 20 و 21 دروست دەکەم و پێشانی دەدەم کە چۆن هەمان وزە و هەمان پێناسەی ژنبوون، دووبارە شێوەی پێدەدرێتەوە".
 
کۆلێکشنەکە کراسی پەیکەریی (sculptural) لەخۆدەگرت کە دیزاینەرەکە پێی ناسراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قوماشی کابۆی هیندی، چاکەت، ئێلەک و پانتۆڵی بە رەنگی درەوشاوە و زیندوو لەخۆگرتبوو.
 
هەفتەی نمایشی جلوبەرگی نیویۆرک رۆژی چوارشەممە 10ـی ئەیلوولی 2025 لە نیویۆرک دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت.