شارۆن ستۆن لە سینەماوە بۆ وێنەکێشان

رووداو دیجیتاڵ

شارۆن ستۆن، هەرچەند وەک ئەستێرەیەکی سینەما لە جیهاندا ناسراوە، بەڵام دەرکەوتووە حەز و خولیای بۆ هونەری شێوەکاریش هەیە و پێشانگەیەکی تایبەت بە بەرهەمە شێوەکارییەکانی کردووەتەوە.
 
ئەو هونەرمەندە لە کاتی قەدەخەی هاتووچۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، خۆی بە وێنەکێشان سەرقاڵکردووە و بەرهەمەکانی لە پێشانگەیەکدا بەناوی 'Welcome to My Garden' لە گرێنێچ لە ئەمریکا خستووەتەڕوو. 
 
شارۆن ستۆن کە بە فیلمی 'Casino' و 'Basic Instinct' ناوبانگی پەیداکردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو زۆر حەزی لە وێنەکێشانە و جوڵەی بە شتێک لە ناوەوەیدا داوە، بەرادەیەک کە رۆژانە وێنە دەکێشێت.
 
ئەو ئەکتەرە تەمەن 65 ساڵە، یەکەمجار نییە پێشانگەی تایبەت بە خۆی دەکاتەوە. یەکەم پێشانگەی لە کالیفۆرنیا کردووەتەوە و ئەمە دووەم پێشانگەیەتی کە 19 تابلۆ لەخۆدەگرێت و تاوەکو 3 کانوونی یەکەمی 2023 بەردەوام دەبێت.
 
لە 2013 شارۆن ستۆن لەگەڵ بەهمەن قوبادی، دەرهێنەری کورد، بۆ یەکەمجار سەردانی کەرکووک و هەڵەبجەی کرد.
 
شارۆن ستۆن، لە 10ـی ئازاری 1958 لە ئەمریکا لە دایکبووە، بەهۆی بەشداریکردنی لە فیلم و زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکان، چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و ئێمی و بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بووە، لە 1995 ئەستێرەیەکی لە رێڕەوی نێوداران لە هۆلیوود پێبەخشراوە.
 
جگە لە کاری ئەکتەری، وەک مۆدێل لە چەندین ریکلامی بینراو و چاپکراودا بەشداربووە.
 
لە 1980 لە فیلمی 'Stardust Memories' لە دەرهێنانی وۆدی ئاڵن، دەرهێنەری ئەمریکی رۆڵی گێڕاوە، ساڵی دواتر لە فیلمی 'Stardust Memories' رۆڵی سەرەکی گێڕا، لە هەمان دەیەی سەدی رابردوودا لە چەندین فیلمی دیکە بەشداربوو، لەوانە فیلمی 'Deadly Blessing'، 'Irreconcilable Differences'، 'King Solomon's Mines' و 'Above the Law'.
 
لە ماوەی کارکردنی وەک ئەکتەر لە ماوەی چوار دەیەدا، لە زیاتر لە سەت فیلم و درامادا رۆڵی گێڕاوە، لە کۆی 41 جار بەربژێرکردنی بۆ خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان، 10 خەڵاتی بەدەستهێناوە.