شای چیانی خۆراسان بەرهەمەکانی لە سەردەشت پێشکێشکرد
رووداو دیجیتاڵ
گرووپی میوزیکی (شای چیان) لە شاری فاروجی خۆراسانەوە، بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی بەیت و حەیران لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەندامانی بۆ ئەوەی بیسەلمێنن رەگیان لە کوردستانە، گۆرانییەکی بەناوبانگی بە شێوەزاری سۆرانی پێشکێشکرد.
ئەندامانی گرووپەکە لە کوردی باکووری خۆراسان پێکهاتوون، ماوەی 12 ساڵە دامەزراون و بەشداری لە چالاکییە هونەرییەکان دەکەن. ئەمجارە لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئامێرە تایبەتەکانیان و بە دیاریکراوی دووتار، بەرهەمەکانیان دەژنن.
لە نێو سرووشتی سەردەشت و بۆ دەرخستنی هەستی نزیکایەتییان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە، گرووپەکە گۆرانییە دیارەکەی هونەرمەند حەسەن زیرەک (پەرێشانم من دەناڵێنم) بە سۆرانی دەڵێنەوە.
مەزاهیر حەدادیان، هونەرمەند و سەرپەرشتیاری گرووپەکە ئاماژە بەوە دەکات، رەگی کوردانی خۆراسان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی ورمێ و سەردەشت کە لە سەردەمانی پێشوودا لێیەوە دوورخراونەتەوە.
مەزاهیر حەدادیان بە رووداوی گوت: "ئێمە هەموومان یەکین؛ رەگی ئەم میوزیکە لە خوێنماندایە و لێمان جیاناکرێتەوە، تەنیا شێوەزارمان جیاوازە. ئەم فێستیڤاڵە بووە هۆی ئەوەی ئێمە رەگی خۆمان بدۆزینەوە، ئەگەر پێشتر نەمانزانیبێت، ئێستا دەزانین کە رەگ و ریشاڵمان یەکە".
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکانیاندا، ئەندامانی گرووپەکە باسی مێژووی ئامێرەکانیان دەکەن کە بە "بەخشیگەری" ناسراوە.
ئەبولفەزل حەدادیان، ئەندامی گرووپەکە دەڵێت: "ئێمە لە بەخشییەکانین و ئەم سازە لە باوکمانەوە بۆمان ماوەتەوە کە پێی دەگوترێت دووتار. ئێمە کوردی کرمانجیی باکووری خۆراسانین، بەڵام باو و باپیرانمان خەڵکی سەردەشت و ورمێ بوون و بە زۆر بۆ ئەوێ دوورخراونەتەوە".
بە گوتەی ئەندامانی گرووپەکە، هەرچەندە ئەوان لە ناوچەکانی خۆیان کە خۆراسانە ناسراون، بەڵام فێستیڤاڵی سەردەشت بووە دەروازەیەکی نوێ بۆ فراوانکردنی سنووری چالاکییەکانیان و دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لەگەڵ نیشتمانی دایکیان.