'Conclave' و 'The Brutalist' لە بردنەوەی خەڵاتەکانی بافتا یەکسان بوون


رووداو دیجیتاڵ

فیلمی "The Brutalist" و "Conclave" لە بردنەوەی خەڵاتەکانی بافتا یەکسان بوون، هەریەکەیان چوار خەڵاتیان بەدەستهێنا.
 
78ـەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بافتای بەریتانی، شەوی رابردوو 16ـی شوباتی 2025 لە لەندەن بەڕێوەچوو و لیستی براوەکانی سینەمای بەریتانیا و جیهان راگەیێندرا.
 
فیلمی "Conclave" لە دەرهێنانی ئێدوارد بێرگەر، دەرهێنەری بەریتانی، خەڵاتی باشترین فیلمی بردەوە کە ناوەڕۆکی باس پیلان و رێکەوتنەکانی پشت پەردەی هەڵبژاردنی پاپای نوێ دەکات.
 
بێرگەر، لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە رایگەیاند، بەرهەمهێنانی فیلمەکە حەوت ساڵی خایاندووە و ستایشی سیناریۆنووس و ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکەی کرد.
 
برەیدی کۆربات، دەرهێنەری ئەمریکی، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە رێگەی فیلمی "The Brutalist" بەدەستهێنا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکی پیاو، بۆ ئێدریان برۆدی، ئەکتەری ئەمریکی بوو کە رۆڵی سەرەکی لە فیلمەکەدا گێڕاوە، ئەویش رۆڵی ئەندازیارێکی بیناسازییە و رزگاربوویەکی کۆمەڵکوژیی جووەکانە. 
 

برۆدی، لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە رایگەیاند، فیلمەکە "دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی رێز لە خەباتی باب و باپیرانم بگرم". 
 
گوتیشی "لە فیلمەکەدا باس لە دڕندەیی زۆر و رەفتاری نەفرەتیانەی لە رابردووماندا دەکرێت... توخمگەلێک دەبینین کە ئەمڕۆ هەیە و دەتوانن رێپێشاندەرمان بن بۆ بیرهێنانەوە".
 
"Emilia Perez" فیلمێکی میوزیکالیی سریالییە و باس لە بازرگانێکی مەکسیکیی ماددە هۆشبەرەکان دەکات کە رەگەزی بۆ ژن دەگۆڕێت، بەربژێرێکی بەهێزی خەڵاتی باشترین فیلم بوو، بەڵام تەنیا توانی دوو خەڵاتی دیکە بەدەست بێنێت، ئەویش باشترین فیلم کە بە زمانی ئینگلیزی نییە و باشترین ئەکتەری پاڵپشتی ژن کە بەخشرایە زۆی ساڵدانا.
 

لە دوای بەربژێرکردنی فیلمەکە بۆ 11 خەڵات، لەوانەش باشترین دەرهێنەر، پێشبینی دەکرا، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بە جاک ئۆدیار، دەرهێنەری فیلمەکە ببەخشرێت، بەڵام پێشبینییەکان وا دەرنەچوون.
 

ئەم بەرهەمە سینەماییە پێشتر خەڵاتی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان لە فەرەنسا و گۆڵدن گڵۆب لە ئەمریکا بەدەستهێناوە، یەکەمجارە فیلمێک بە زمانی ئینگلیزی نەبێت و بۆ 13 خەڵاتی ئۆسکار بەربژێر بکرێت.
 
خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی ژن، بەخشرایە مایکی مادیسن (25 ساڵ) بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "Anora" کە باس لە لەشفرۆشێک دەکات و لە رێگەی کۆمێدیایەکی رەش باس، پەیوەندییەکی خۆشەویستی دەخاتەڕوو.
 

براوەکانی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتەکانی دیکەی ئەمریکا، دواتریش براوەکانی بافتا، چانسی زیاتریان دەبێت براوەی خەڵاتی ئۆسکار بن.
 
تیمۆسێ شەلامێ، ئەکتەری ئەمریکی – فەرەنسی و ئاریانا گراندی، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی، بەربژێری خەڵاتی بافتا بوون، بەڵام بەدەستی خاڵییەوە گەڕانەوە ماڵەوە.
 
"Conclave" خەڵاتی باشترین فیلمی بەریتانی، باشترین مۆنتاژ و باشترین سیناریۆی وەرگیراوی بردەوە، فیلمی "The Brutalist" خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی سینەمایی و باشترین وێنەی میوزیکی وەرگیراوی بردەوە.
 
فیلمی "Wicked" کە ئێستا لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت، خەڵاتی باشترین دیزاینی جلوبەرگ و باشترین بەرهەمهێنانی بردەوە.
 
فیلمی "Dune: Part Two" بووە براوەی خەڵاتی بافتا بۆ باشترین کاریگەری وێنەیی و باشترین دەنگ.
 
"Wallace and Gromit: Vengeance Most Fowl" خەڵاتی باشترین ئەنیمەیشن و فیلمی منداڵان و خێزانی بەدەستهێنا.
 
"The Substance" خەڵاتی باشترین مەیکئەپی بردەوە، دەرهێنەرەکەی کۆرالی فارگێت، تاکە ژن بوو بەربژێری خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بێت.
 
خەڵاتەکانی ئەکادیمیای بەریتانی بۆ فیلم کە بە بافتا دەناسرێت، بە گرنگترین خەڵاتی سینەمایی لە بەریتانیا دەناسرێت، یەکەم خولی دابەشکردنی خەڵاتەکانی لە 29ـی ئایاری 1949 بەڕێوەچوو.
 
رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە سەرەتا لە سینەمای ئۆدیۆن بەڕێوە دەچوو، لە 2008 بۆ ماڵی ئۆپێرای شاهانە گوازرایەوە، لە 2017 بۆ رۆیال ئەلبێرت گوزرایەوە و بەخشینی خەڵاتەکە سەرەتا لە مانگی نیسان و ئایار بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە 2001ـەوە لە مانگی شوبات بەڕێوە دەچێت.
 
رێکخەرانی خەڵاتەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئامانجیان لە بەخشینی خەڵاتەکە، پاڵپشتی و گەشەپێدانی شێوەکانی هونەریی وێنەی جوڵاوە.
 
خەڵاتی بافتا لە شێوەی دەمامکی شانۆییە و لەلایەن میتزی کۆنلف، پەیکەرسازی ئەمریکی دیزاینکراوە و بە گرنگترین خەڵات لە بواری سینەما، لە دوای هەردوو خەڵاتی ئۆسکار و گۆڵدن گڵۆب هەژمار دەکرێت.