ئەحمەد رۆناک نوێترین بەرهەمی لەرێگەی رووداو بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

هونەرمەند ئەحمەد رۆناک نوێترین بەرهەمی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بۆ جاری یەکەم لەرێگەی رووداو بڵاودەکاتەوە و ئەم بەرهەمە سێ گۆرانی لەخۆدەگرێت.
 
گۆرانی یەکەم بەناوی 'توڕە مەبە'یە و لە تێکستی بازۆیە و لە ئاوازی هونەرمەند ئەحمەد رۆناک خۆیەتی و ئاراس کۆیی، هونەرمەندی میوزیکژەن کاری دابەشکردنی میوزیکی بۆ کردووە.
 
گۆرانی دووەم بەناوی 'خۆزگەم بە پار'ـە کە شیعری گۆرانی شاعیرە و لە ئاوازی ئەحمەد رۆناکە.
 
گۆرانی سێیەم بەناوی 'گەلەکە'یە و لە تێکستی محەممەد دەرویشی و لە ئاوازی عەبدوڵڵا بەڵاکە.
 
ڤیدیۆکلیپەکە کە سێ گۆرانی لەخۆدەگرێت لەسەر قەڵای هەولێر وێنەگیراوە و ئەحمەد رووناک خۆی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە، کاری وێنەگرتنی لەلایەن سەنعان هەولێری کراوە.
 
ئەحمەد رووناک لە دایکبووی هەولێرە، یەکەم بەرهەمی بەناوی 'خۆت دڵت داپێم' لە 2005 بڵاوکردەوە، دواتر دوو بەرهەمی دیکەی بەناوی 'تۆ نزانی' و 'بێ تۆیی' بڵاوکردەوە. 
 
لە 2011 بەرهەمێکی بەناوی 'دوا گۆرانی' بڵاوکردەوە کە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی چیتر گۆرانی نەڵێتەوە، لە 2021 دووبارە بۆ خۆشەویستی رۆناکی دایکی بەرهەمێکی بەناوی 'بۆ دایکم' بڵاوکردەوە و بۆ یەکەمجار لەرێگەی رووداو بڵاوکرایەوە.