میا خەلیفە تاتۆی ژنە شەڕڤانێکی کورد لەسەر بازووی دەنەخشێنێت

رووداو دیجیتاڵ

میا خەلیفە، ئەستێرەی پێشووی فیلمە وروژێنەرەکان (پۆرن) تاتۆی ژنە شەڕڤانێکی کورد لەسەر بازووی دەنەخشێنێت. ئەو ژنە شەڕڤانە لە مانگی ئابی 2016 لە کاتی بەرگریکردن لە شاری منبج لە دژی چەکدارانی داعش گیانی لەدەستداوە.

پۆرنستارە بە رەچەڵەک لوبنانییەکە وێنەی ئاسیا رەمەزانی لەسەر بازووی نەخشاندووە، لە ئینستاگرامەکەی نووسیویەتی: "ئەو تاتۆیە هەموو رۆژێک هانم دەدات."

میا خەلیفە پەسنی ئەو شەڕڤانەی کورد دەدات و دەڵێت: "شەڕڤان بوو لە ریزی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، کوردبوو، لە کاتی شەڕی بەرگریکردن لە منبج لە دژی تووندڕەوە ئیسلامییەکان کوژرا."

ئاسیا رەمەزان لە تەمەنی 19 ساڵیدا لە سنووری پارێزگای حەسەکە گیانی لەدەستدا، ئاسیا بەهۆی شۆخی و جوانییەکەی بە ئەنجلینا جولی نێو شەڕڤانان دەناسرا.

لەنێو شەڕڤاناندا زۆر جار ژنە شەڕڤانی شۆخ و سەرنجڕاکێش دەردەکەون، دەبنە مانشێتی میدیا جیهانییەکان، ئاسیا رەمەزان یەکێکبوو لەو کەسایەتیانەی کە رووخسار و باڵایەکی نموونەیی هەبوو، پەیوەندیکردنی بە شەڕڤانانیش لەو تەمەنە زووەوە زیاتر سەرنجی میدیاکانی جیهانی راکێشابوو.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" دەڵێت فەلسەفە و تیۆری ئەوان سادە و ساکارییە، ئەوان بە چاوی جوانی و لەسەر بنەمای رووخسار و کەسایەتی و بیروباوەڕ مامەڵە لەگەڵ ژنان ناکەن.